٩٢ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە
١١ گەنجی کورد بە ئەشکەنجە گیانیان لەدەستداوە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمڕۆ 92رۆژ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتی و گردبونەوە و مانگرتنەکان لە ناوخۆ و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوە بەردەوامن و ئەمریکا و بەریتانیا هۆشداریی دەدەنە دەسەڵاتی ئێران و جەخت لە سەپاندنی سزای نوێ دەکەنەوە.
رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ کچە خوێندکارێکی لوڕ-ی خەڵکی شاری ماڵێ میر(ئیزە) بەڕێوچو کە تەرمەکەی پاش هەشت رۆژ لە بێسەروشوێنبون لە روباری کارون لە شاری ئەهواز دۆزرایەوە.
تەرمی دونیا فەرهادی خوێندکاری بەشی تەلارسازی زانکۆی ئەهواز بە ڕێوڕەسمی جەماوەریی بەخاک سپێردرا و لە زانکۆی ئەهوازیش ناڕەزایەتیی بۆ مەرگی دونیا بەڕێوچو.
لە زانکۆکانی ئەهواز و شیراز و کرماشان ناڕەزایەتی و گردبونەوەی خوێندکاران بەردەوام بو و لە میترۆکانی تارانی پایتەختیش دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە.
پێنج رۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتیی پاڵاوگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە ئێران بەردەوامە و سەدان کرێکار دوای مافەکانیان دەکەن.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری شنۆ گەنجێک بە ناوی بەهمەن مەعروفی دوای دەستبەسەرکردنی لە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی شارەکە تەنها چوار کاتژمێر دوای ئازادکردنی گیانی لەدەستدا کەسوکاریشی رایانگەیاندوە دەزگای هەواڵگریی ئێران بەپرسیار و هۆکاری مەرگی بەهمەنە.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە محەمەد حاجی روسوڵپور، کە یەکێک بوە لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکان، بەهۆی ئەشکەنجەوە و بێهۆش بوە و ژیانی لە مەترسیدایە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو رێکخراوانە تا ئێستا زیاتر لە 11 گەنجی کورد بە هۆی ئەشکەنجە لە زیندان و ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران کوژراون.
ئەمڕۆ تەرانەی عەلی دوستی، خانمە ئەکتەری ئێران دوای ئەوەی هەفتەی رابردو رایگەیاندبو؛ بێدەنگیی بەرامبەر دەسەڵات پشتیوانیکردنە لە ستەم و ستەمکار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
عەلی دوستی وەک ناڕەزایەتییە بەرامبەر لەسێدارەدانی گەنجان ، رایگەیاندوە نابێت بە بێدەنگیی رێگە بدرێت سزای سێدارە لە ئێران جێبەجێ بکرێت.
ئەمریکا رایگەیاند بە قوڵی نیگەرانی سەرکوت و سێدارەیە لە ئێران و سەرۆکی سی ئای ئەی دەڵێت: دەسەڵاتی تاران وەڵامی داواکاریی خەڵکی وڵاتەکەی پێنادرێتەوە و ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوام دەبێت.
ڤەدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند؛ واشنتۆن سەرەڕای ئەوەی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندان و خەڵک ئیدانە دەکات هەوڵی سزادانی زیاتری تاران دەدات .
لە لایەکی دیکەوە ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) رایگەیاند؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکارییی گەنجانی وڵاتەکە بێت و ناڕەزایەتییەکانیش دژی دەسەڵات بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (پی بی ئێس) وتی: بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان لە سێ مانگدا ئاماژەی بوێری و ئازایەتیی خەڵکی گەنج و ناڕزاییە لە ئێران و وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکان گەلان و چین و توێژە جیاوازەکانی سەرتاسەری جوگرافیای ئێرانی گرتوەتەوە کە ئاماژەی بەرفراوانبون و بەهێزبونی ناڕەزایەتییەکانە بەرامبەر دەسەڵات کە پێناچێت ئەو دەسەڵاتە بتوانێت وەڵامی خواستی ئەو خەڵک و چین و توێژە جیاوازانەی پێبدرێتەوە.
جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕینی سێ مانگ بەسەرمەرگی ژینا ئەمینی، رایگەیاند بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خەڵک و خۆپیشاندەران ئەنجامی داوە لە لایەن لەندەنەوە 40 بەرپرسی باڵای سزا دراون.
بەریتانیا یەکەم وڵات بو کە وەک ناڕەزایەتیی بە مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی، سزای بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیدا سەپاند و بە گشتی لە ماوەی 90 رۆژدا لانیکەم 300 سزای دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە.
لێدوانی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا و بەریتانیا دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە رایانگەیاندوە؛ بە سەرکەوتویی کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکان هێناوە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە تا ئێستا 39 کەس لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و هەر بە پێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوەیە بە لە 92 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 469 کەس کوژراون و کە 63 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و هەر لەو ماوەیەدا 32 ژن لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(Amnesty International) رایگەیاند؛ تا ئێستا سزای سێدارەی 26 خۆپیشاندەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یەکلایی بوەتەوە و ئەگەری لەسێدارەدانی 11 کەس زۆر نزیکە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەشی ئاشکرا کردوە دادگاکانی ئێران ئامادەکارییان کردوە بۆ لەسێدارەدانی سێ خۆپیشاندەر کە یەکێکیان سامان یاسین، هونەرمەدنی شاری کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.