166 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز لە نقومبوون رزگار کران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای چەند رۆژێکی کەم لە خنکانی چوار کۆچبەر و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە، بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، شەوی هەینی 166 کۆچبەری دیکەیان لە نۆکەندی ئینگلیز رزگار کردووە، کە لەنێو بەلەمی خراپبوودا لەنێو ئاوی ساردی نۆکەندەکە گیریان خواردبوو.
پۆلیسی کەناراوەکانی فەڕەنسا باسی لەوەشکرد، ئەو کۆچبەرانە لە بەندەری کالێی فەڕەنساوە بەرەوە بەریتانیا لەڕێگادابوون، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەلەمەکەیان تێکشکاوە و دواتر پۆلیسی فەڕەنسا ڕزگاریانکردوون
بەرپرسانی شاری کالاسی باکووری فەرەنسا دەڵێن، بەلەمێکی هێزی دەریایی نزیکەی 50 کەسیان لە بەلەمێکی "لێقەوماودا" لە ئاوەکانی باکووری شارەکە رزگار کردووە. بەلەمێکی دیکەی سەربازی 31 کۆچبەری دیکەی لە هەمان شوێن رزگارکرد، کە بەلەمەکەیان نقووم ببوو.
هەروەها پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا 45 کەسی دیکەیان گەیاندبووە کەنارەکانی شاری کالاس دوای ئەوەی پەیوەندییان پێوە کردبوون و داوای بەهاناوەچوونیان کردبوو.
هاوکات بەلەمێکی دیکەی فریاگوزاری 40 کەسی دیکەی لەو دەوروبەرانە گەیاندە کەناری ئارامی.
بەتەنها لەمساڵدا زیاتر لە 40 هەزار کۆچبەری نایاسایی هەوڵیانداوە دەریای مانش ببڕن و لە فەڕەنساوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، گۆڕانەکانی کەشوهەوا شەپۆلەکانی ئەو دەریایەش بووە بە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی ئەو کۆچبەرانە.