ميديايەكى ئەڵمانیا : لەوانەیە کێشەکانی سوپای ئەڵمانیا ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ پەک بخات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گۆڤاری دێر شپیگل "Der Spiegel" بڵاوی کردەوە کە لەوانەیە کێشەکانی سوپای ئەڵمانیا لە بوارەی کەرەستەی سەربازیی و لۆجستییەوە، ببێتە مایەی جێبەجێ نەکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ کە ئەوەیش ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە داھاتوودا، پەک دەخات.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زرێپوشەکانی "Puma" سەربە سوپای ئەڵمانیا لە میانی مەشقە سەربازییەکاندا، بەرەوڕووی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە و تا ئێستا، ١٨یان لەکارکەوتوون.

بڕیاربوو مانگی داھاتوو، ئەو زرێپۆشانەی فیرقەی ١٠ی تانکەکان سەربە ھێزی ئەرکە ھاوبەشەکانی باڵای ناتۆ (VJTF) جێگیر بکرێن.

سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیبرھاد زۆرن لە تویتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە کێشە لە کەرەسەتە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەیدا ھەیە و رایگەیاندووە کە سوپای ئەڵمانیا زنجیرەیەک رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ دەگرێتەبەر.

ئیبرھاد زۆرن نووسیوویەتی: "ھەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی دووبارە زرێپوشەکانی Puma بۆ کارکردن ئامادە بکەینەوە".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە سوپای ئەڵمانیا لەگەڵ شارەزایانی پشەسازیی بەرگریی لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە ناتۆ جێبەجێ دەکات.

میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای ئەڵمانیا پلانی داناوە کە لە ساڵی داھاتوودا، ئۆتۆمبێلە کۆنە سەربازییەکانی "Marder" لە ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەربە ناتۆ جێگیر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار