ئەمریکا.. لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ٦ی کانوونی دووەم پێشنیازی تاوانبار کردنی ترەمپ-ی پێشکەشی وەزارەتی داد کرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ئەمریکا، لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس، پێشنیازی تاوانبار کردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ وەزارەتی داد کردووە.
لیژنەکە، ئەمڕۆ لە دوایین دانیشتی ئاشکرایدا تاوتوێی ئەو راپۆرتەی کرد کە ٢١ی کانوونی یەکەم لە دەنگدانی کۆتاییدا بۆ رای گشتی بڵاوی دەکاتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، جامی راسکین لە گوتارێکیدا لە دانیشتنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەڵگانەی لیژنەکە بەدەستی هێناوە لەگەڵ لایەنە یاساییەکان بەشدارییان پێکردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری هەیە ترەمپ تاوانی وەکو "درووست کردنی کاریگەری لەسەر یاخی بوونەکە، هاوکاری کردنی یاخی بوون و ئامادە کردنی کەش بۆی"، "هەوڵدان بۆ رێگری کردن لە پرۆسەیەکی فەرمی"، "پیلان گێڕی بۆ تێکدانی سستەمی ئەمریکا"ی ئەنجامدابێت.
لەو دەنگدانەی کە لە لیژنەکە ئەنجامدرا، بە دەنگی تەواوی هەر نۆ ئەندامەکە ئەوە پەسەند کرا کە دەبێت پێشنیازی وەزارەتی داد بکرێت کە ترەمپ بەم تاوانە تاوانبار بکات.
بە ئەگەرێکی زۆر چاوەروانی ئەوە دەکرێت کە ئەو پێشنیازەی لیژنەکە ئاراستەی وەزارەتی داد-ی کردووە هەر بە رەمزی بمێنێتەوە. وەزارەتی داد، ناچار نییە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئەو پێشنیازانە بکات کە لە لیژنەکانەوە پێشکەشی دەکرێت و لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر رووداوەکانی ٦ی کانوونی دووەم بەڕێوەدەبات.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەکە پێشنیازی گرتنەبەری رێوشوێنی رێکاری لە دژی سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کێڤن ماک کارتی و ئەندامەکانی دیکەی کۆمارییەکان پێشکەش کردبوو.