ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی بیلاڕووسیا تاوتویی جەنگی ئۆکرانیا دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی:
سەرۆکی ڕووسیا گەیشتە بیلاڕووسیا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووسیا تاوتوێی جەنگی ئۆکرانیا بکەن
دوای زیاتر لە ٣ ساڵ ونیو، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دوێنێ گەیشتە شاری مینسکی بیلاڕووسیا و لە لایەن لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووسەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی ئینتەرفاکس کە پشت بەست بە ڕاگەێدنراوی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاوی کردۆتەوە، سەردانەکەی سەرۆکی ڕووسیا و لۆکاشینکۆ بۆ گفتوگۆکردنە دەربارەی بەهێزکردن وبەرگری هەردوو وڵات لەبەرامبەر فشار وسزاکانی ڕۆژئاوا.
بەگوێرەی وتەکانی دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە هەیە پوتین تاوتوێی پرسە سەربازیەکانیش بکات لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووس.
بڕیاریشە هەریەک لە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا و ڤیکتۆر خرێنین وەزیری بەرگری بیلا ڕووس بەشداری کۆبونەوەکە بن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانیاریەکانی وەزارەتی دەرەوە لە مۆسکۆ، لاڤرۆڤ لەگەڵ سێرگی ئەلینیک کە تەنها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە، سەبارەت بە جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا گفتوگۆیان کردووە.
فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئۆکرانیاش، سێرهی نایڤ پێش هاتنی پوتین بۆ بیلارووس، بیلاڕووسی بەوە تاوانبارکرد کە لەلایەن ڕووسیاوە فشاری لێدەکرێ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زیاتری سەربازی دژ بە ئۆکرانیا و وتی، " لە کۆبونەوەکەدا پرسی دەستدرێژی زیاتر بۆ سەر ئۆکرانیا و بەشداریکردنی بەرفراوانی هێزەکانی بیلاڕووس لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئۆکرانیادا دەخریتە سەرمێزی گفتووگۆ.
هاوکات هەریەک لە بیلاڕووس و کریملین ئەم تۆمەت ودەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە وبە بێ بنەما وەسفیانکردووە.
لەسەرەتای جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕووس ڕێگەی بۆ مۆسکۆ کردەوە کە وڵاتەکەی وەک دەروازەیەک ومەیدانێکی جەنگ دژ بە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ئەمەش پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بەهێزترکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ڤلادیمێر پوتین پستگیریەکی زۆری بۆ لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووس دەربڕی لەکاتی خۆپیشاندان وگرژیەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کە دژ بە حوکمەت کرا.
هاوکات، ئەم سەردانەی پوتین لە دوای ساڵی ٢٠١٩ و پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شەپۆلی ناڕەزاییە توندەکانی بیلارووسی دژ بە حکومەت، یەکەم سەردانی ڤلادیمێر پوتینە بۆ بیلارووس.