ڤلادیمێر پوتین: ئەوەی ڕوودەدات لە ئۆکرانیا کارەساتە، بەڵام ڕووسیا خەتابار نیە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە میانی وتارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی، ڤلادیمێر پوتیین وتی، جەنگی ئۆکرانیا تاوانی ڕووسیا نیە، هەروەها وتیشی ئێمە هەردوولا لە کارەساتیکی هاوبەشداین.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد، کە بۆ ماوەی ساڵانیکی زۆر هەوڵماندا دۆستی ئۆکرانیا بین و قەرزی زۆر و هاوکاری وزەی زۆرمان پێشکەش بە ئۆکرانیا کرد،بەڵام وادیارە سەرکەوتوو نەبوو.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ڕووسیا وتی، ئەوەی ڕوو دەدات کارەساتە و بەڵام هیچ شتێک نیە ڕوسیای پێ تاوانبار بکرێ و ئۆکرانیەکان وەک گەلێک بە برای ئێمە دەمیننەوە،هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم جەنگە ئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی سێیەمە.
هەروەها بەرپرسانی سەربازی دەنگیان بەوەدا کە بەردەوام ئەبن لە جەنگی ئۆکرانیا کە ناوی دەبەن بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت.
ئەم وتارەی ڤلادیمێر پوتین لە کاتێکدایە، کە ڕووسیا لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە هێرشیکی بەرفراوانی بە موشەک ودرۆنی ئێرانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا دەستپێکردوە و ملیۆنان خەڵکی ئۆکرانیای بێ کارەبا کردووە.