کۆشکی سپی: گرووپی واگنەر کە لە جەنگی ئۆکرانیادا هاوکاری سوپای رووسیا دەکات چەکی لە کۆریای باکوور کڕیوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆشکی سپی ڕایگەیاند گروپێکی چەکداری کە یارمەتی ڕوسیا دەدات لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا چەکی لە کۆریای باکور کڕیوە و کۆریای باکوریش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ،"بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا سوورن لەسەر ئەوەی کە کۆریای باکوور چەکی بە گروپی ڕاگنەر فرۆشتووە کە جۆرەکانی مووشەک و تۆپهاوێژی تێدا بووە.
وتیشی،"ئێمە باوەڕمان وایە ناردنی ئەو چەکانە بۆ ئەو گروپە کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی جەنگی ئۆکرانییا دروست ناکات،بەڵام نیگەرانین لەوەی کە کۆریای باکور لە پلانیدایە کەلوپەلی سەربازی زیاتر بنێرێت بۆ ڕوسیا"
میدیای فەرمیی کۆریا لەبارەی هەواڵەکەوە ئەمڕۆ هەینی ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکای بە تەواوی ڕەتکردەوەو بە "بیردۆزێکی بێبنەما ناوی برد" .
هەروەها کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی بەشداری واگنەر لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیادا بە تایبەتی لە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵات . کیربی وتی لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا بەرپرسانی سەربازی ڕووسیا تەنانەت "ملکەچی فەرمانەکانی واگنەر دەبن".
لیندا تۆماس گرینفیڵد نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم کارەی ڕوسیای بە "چەپەڵ" ناوبرد و وتی " ڕوسیا ئەندامی هەمیشەیی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشداری کردووە لە سەپاندنی سزاکان ئێستا ئەو چەکانە بەکاردەهێنێت کە لە کۆریای باکوور و ئێرانەوە وەریدەگرێت بۆ ئەوەی جەنگ دژی ئۆکرانیا درێژە پێبدات".
جۆن کێربی لەبارەی ئەو هێزەوە دەڵێت: ژمارەی سەربازەکانی گرووپی واگنەر 50 هەزار کەسە کە 10 هەزاریان سەربازی لێهاتوون و 40 هەزار کەسیشیان تۆمەتباری هەڵاتووی بەکرێگیراون.
جەیمس کڵێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە و ئەو کارەی گرووپی واگنەر ئەنجامیداوە پێشێلکاریی یاساکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
کڵێڤەرلی دەشڵێت، کڕینی چەک لە کۆریای باکوور لەلایەن پووتینەوە ئەوە نیشاندەدات رووسیا "کڵۆڵ و دابڕاوە."
جێگەیباسە، گرووپی واگنەر لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبارکراون بە چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری ئەفریقا و لە پێشوودا بەوە ناویان دەرکردبوو کە لە جەنگی سووریادا "رۆڵێکی تووندوتیژ"یان هەبووە لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە.