لە ئەمریکا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە نزیکەی ٢٨ کەس گیانیان لەدەستدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەشوهەوایەکی سارد رووی لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات کارەبای سەروو ملیۆن و نیوێک ماڵ بەهۆی بای بەهێزەوە بڕاوە و چەندین گەشتی تایبەت بە کریسمس هەڵوەشێندراونەتەوە.
کەشوهەواکە کاریگەریی گەورەی هەبووە. بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی فلایتوێری فڕۆکەوانیی ئەمریکا، کەشوهەوا ساردەکە کە بایەکی بەهێز لەگەڵدایە، رۆژی شەممە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەروو سێ هەزار و 300 گەشتی ئاسمانی و دواخستنی حەوت هەزار و 500 گەشتی دیکە. رۆژی پێشتریش شەش هەزار گەشتی هاوشێوە هەڵوەشێندرابوونەوە.
هەروەها هەزاران گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکان گیریانخواردووە و فڕۆکەخانەکانی کردووەتە شێڵتەری مرۆیی.
خزمەتگوزاری کەشوهەوای نەتەوەیی لە سیۆکس فۆڵس (داکۆتای باشوور) دەڵێت پلەی گەرمی لەوێ (بە هۆی ساردبوونەوەی با) نزم بۆتەوە بۆ -53F (کە -47.2C).
کاثی هۆچول پارێزگاری نیویۆرک گوتی ئەم گەردەلولی سەرمایە یەکێکە لە خراپترینەکانی مێژوو، ئەوەشی وت کە چەندین بارهەڵگری ئاگرکوژێنەوە و ئامبولانس لە بەفردا گیریان خواردووە.
بەرپرسانی کەنەداش هۆشداری تووندی کەشوهەوایان داوە. سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک بێ کارەبا ماونەتەوە؛ هاوکات "ژمارەیەکی زۆری" گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەکانی ڤانکۆڤەر، تۆرۆنتۆ و مۆنتریال هەڵوەشێنراونەتەوە.
بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی هەفتە، دۆخی ساردی مەترسیدار لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی پلەی گەرما بگەڕێتەوە بۆ کەشی ئاسایی لە هەفتەی داهاتوودا.