پوتین: دڵنیام 100٪ سیستمی پاتریۆتەکەی ئۆکرانیا وێران دەکەین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ، سەرۆکی روسیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هەڕەشەی ئەوەیکرد لە ئۆکرانیا، کە ئەگەر لە ئەمریکاوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بهێننە وڵاتەکەیان، سوپای روسیا بە دڵنیاییەوە 100٪ سیستمەوە وێران دەکات.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە نوێترین کاردانەوەیدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند لەبارەی سەردانەکەی ڤلادیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەمریکا و هەوڵەکانی بۆ هێنانی هاوکاریی سەربازیی زیاتری ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ وڵاتەکەیان، بە تایبەتیی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.
پوتین، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵی روسیای 1، کە بەشێکی لێ بڵاوکراوەتەوە، گوتی: "وڵاتەکەمان ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، هەروەها ئامانجی روسیا لەم جەنگەدا، یەکخستنەوەی گەلی روسیایە".
سەرۆکی روسیا ئەوەشی خستەڕوو: وڵاتەکەی لەسەر رێگە راستەکە هەنگاو دەنێت، بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمانەکەمان دەکەین، هیچ بژارەدەیەکی دیکەمان جگە لە بەرگرییکردن نییە.
هەروەها دەڵێت: "ئەوە ئێمە نین کە گفتوگۆ رەتبکەینەوە، ئەوانن کە ئامادە نین"، چونکە روسیا لە 2014ەوە خوازیاری ئەوەیە قەیرانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.
دوێنی، ڤلادمێر پۆتین، رەزامەندی نیشاندا، کە خزمەتگوزاریی چەکی پێشکەوتووی سارمات (شەیتانی دوووەم) بەردەستبخرێت بۆ سوپا لە جەنگی ئۆکرانیا، ئەوەش پێشهاتێکی دیکەی مەترسیدارە لە پەرەسەندنی مەترسی بەکارهێنانی چەکی ستراتیژی و ئەتۆمیی لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا.
هەفتەی رابردوو، ڤلادیمێر زێلنسکی لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا بەفەرمیی داوایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و هاوکاری زیاتری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا بکرێت، ئەوەش لەلان کریملنەوە بە "سوتەمەنی کردن بەسەر ئاگر"دا وەسفکرا.