ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 100 رۆژە بەردەوامە

ئەمریکا یاسایەکی بۆ سزادانی بەرپرسانی ئێران پەسند کرد

2 ساڵ لەمەوپێش



دوای 100 رۆژ ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە لە بۆکان و مەهاباد و کامیاران لە تاران و کەرەج و ئەسفەهان ئەمڕۆش بەشیوازی جیاواز ناڕەزایەتیی بەرفراون بەڕێوچو.

لە بۆکان و کامیاران رێوڕەسمی جەماوەریی رێزلێنان بۆ کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچو و لە شاری مەهاباد گەنجان بە کردنەوەی ئاگر دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە.

لە شاری بۆکان یادی 18 کوژراوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و رێپێوانی جەماوەریی بەرێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لە بەشداربون رێپێوان و ناڕەزایەتییەکان کرد.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ژمارەیەک کەس بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و چەکدارانی خۆجێی(جاش) لە شاری بۆکان برینداربون.

ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی شاری بۆکان وەک رێز و وەفا بۆ کوژراوانی شارەکە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران نەکرانەوە.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ بە رێورەسمی جەماوەریی یادی چلەی مەرگی بورهان کەرەمی لە شاری کامیاران بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا برای بورهان رایگەیاند؛ ئەو شەهیدی هەمو کوردستانە و تۆڵەی خوێنی رژاوی دەکەنەوە.

 

كچێک بەهۆی لابردنی سەرپۆشەکەی و دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە تاران، سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

مەهسا پیروی تەمەن 25 ساڵ لە لایەن دادگایەکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تارانی پایتەخت تۆمەتبار کرا بە "هاندانی بۆ بێڕەوشتیی" و سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

سەرۆکی داواکاری گشتیی ئێران ئاشکرای کرد دۆسیەی توێکاری و لێکۆڵینەوەی پزیشکیی ژینا ئەمینی یەکلایی نەبوەتەوە و چاوەڕێی لیژنەی پزیشکیی دەکەن بۆ راپۆرتی کۆتایی لەسەر روداوەکە..

 

رۆژی یەکشەممە محەمەدجەعفەر مونتەزری، سەرۆکی داواکاری گشتیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ پزیشکی داد راپۆرتی هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینیی رادەست کردوە بەڵام خانوادەی ژینا سکاڵایان بەرامبەر پزیشکی داد و راپۆرتەکەیان تۆمار کردوە و لیژنەیەکی پزیشکی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە سکاڵاکە و پزیشکی داد بەهۆی بڵاوکردنەوەی هۆکاری مەرگەکەی.

پێشتر پزیشکی دادی ئێران رایگەیاندبو؛ ژینا ئەمینی لە منداڵیدا گرێ لەسەریدا بوە و نەشتەرگەریی بۆکراوە کە ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی مەرگی ژینا بوە.

وەک کاردانەوەیەک بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە پاپا فرانسین لە وتاری تایبەت بە کریسمس نزای ئاشتیی بۆ ئێران کرد.

ئەمە یەکەم کاردانەوەی پاپا فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهانە دوای 100 رۆژ ناڕەزایەتیی و کوژرانی زیاتر لە 506 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری ناودرای ئەمریکی داوای ئازاکردنی تەرانە عەلیدوستی، خانمە ئەکتەری ناوداری ئێرانی کرد کە بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتیی سێدارە، زیندان کراوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا ئەمڕۆ یاسایەکی دژی ئێران پەسند کرد و بە پێی یاساکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت راپۆرتی ئەو بەرپرسە تۆمەتبارانەی ئێران کە دەستیان لە کوشتن یان زیانگەیاندن بە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان و ئەمریکا هەیە بداتە کۆنگرێس و کار بکات بۆ سزادانیان لە سەرتاسەری جیهان.

بە پێی یاساکە نابێت هیچ وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکا هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەشی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات کە دەستیان لە دەستدرێژیی و سەرکوت و ئەشکەنجەی ژنان و کەمینە ئاینیی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە هەیە.

لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەژمارە بانکییەکانی بەرپرسانی ئێران لە وڵاتانی دیکەی جیهان چاودێریی بکات و دڵنیا ببێتەوە لە سزادانی ئەو بەرپرسە تۆمەتبارانە، هاوکات هەر بانکێکی جیهان سزاکانی واشنتۆن دژ بە بەرپرسانی تاران جێبەجێ نەکات، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتەش سزا بدرێت.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئیدانەکردنی تیرۆری ژمارەیەک چاڵاکوانی کورد لە پاریس، رایگەیاند؛ تاران نیگەرانە لە کوشتنی موسوڵمانان و کۆچبەران لە فەڕەنسا.

کەنعانی داوای لە پۆلیسی فەڕەنسا کردوە توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و رێگەی بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازنە لەو وڵاتە بدرێت.

لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 506 کەس کوژراون و دو کەس لەسێدراەدراون و 60 کەسیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

  

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار