بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە یابان ١٧ کەس مردون و ٩٣کەسی دیکەش برینداربوون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە یابان نزیکەی ١٧ کەس مردون و ٩٣کەسی دیکەش برینداربوون
لە هەفتەی پێشووەوە شەپۆلێکی بەفربارین ڕوی لە باکوری یابان کردووە و بۆتە هۆی لەکارخستنی چەندین ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان و دواخستنی خزمەتگوزاری گەیاندن و لەگەڵ زیادبونی ڕێژەی بەفر بارین ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست دا گەشتە ١٧ کەس و ٩٣ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ئاژانسی بەڕێوەبردنی ئاگرو کارەساتەکان ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی مردون لە کاتی پاککردنەوەی سەربانەکانیان بووە لە بەفر و کەوتونەتە خوارەوە یان کەوتونەتە ژێر ئەو بەفرەی لە سەربان و شوێنە بەرزەکانەوە کەوتووەتە خوارەوە.
فەرمانگەکانی شارەوانی لە ناوچە بەفربارینەکان هانی دانیشتوانیان دا کە لە کاتی چالاکی لابردنی بەفردا ئاگاداربن بە تەنیا کار نەکەن.
هاوکات بە پێی ڕاپۆرتەکان لە زۆربەی بەشەکانی باکوری رۆژهەڵاتی یابان سێ ئەونەی ساڵانی پێشوو بەفر باریوە.
لە یەکێک لە دورگەکانی باکوری یابان بەهۆی بەفربارینەوە بورجێکی کارەبا لە کارکەوت و نزیکەی ٢٠ هەزار ماڵ بێ کارەبا مانەوە.
وەزارەتی گواستنەوەش ڕایگەیاند دەیان شەمەندەفەر و گەشتی ئاسمانی لە باکووری یابان تا ڕۆژی یەکشەممە ڕاگیراون.