وەزارەتی بەرگری تایوان : چین بە 47 فڕۆکەی جەنگی سنوری ئاسمانی تایوانی بەزاندووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تایوان دەڵێت، چین 71 فڕۆکەی جەنگی و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی شەڕکەری لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەکارهێناون، کە 47 لەوانە سنووری ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە.
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، لە نێوان کاتژمێر ٦ی بەیانی یەکشەممە بۆ ٦ ی بەیانی دووشەممە دوای ئەوەی چین تووڕەیی دەربڕی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تایوان،لە نمایشێکی سەربازیدا چین 71 فڕۆکەی جەنگی و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی شەڕکەری بەکارهێناوە، کە 47 لەوانە سنووری ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە.
وتیشی ،ئەو فڕۆکانەی چین بەرەو تایوان نێردراون 18 فڕۆکەی جەنگی جەی-16 و 11 شەڕکەری جەی-1 و 6 شەرکەری سو-30 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەردەوام چاودێری جوڵ سەربازییەکانی چین دەکەن و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و دەریاییان لە ئامادەباشیدایە.
گێچەڵی سەربازی چین بۆ سەر دورگەی تایوان لەم ساڵانەی دوایدا چڕتر بۆتەوە و بەردەوام فڕۆکە و کەشتی دەنێرێتە سنوری ئەو دورگەیەوە بەهۆی ئەوەی تایوان هەرێمێکی خۆبەڕێوبەرە، کە هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆی رانەگەیاندووە و لەژێر هەژموونی چیندایە، بەڵام خاوەنی حکومەت و پەرلەمانی خۆیەتی. لە ماوەی رابردوودا تایوان وا دەرکەوتووە هەوڵ بۆ سەربەخۆبوون بدات و لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی باشووری ئاسیا و رۆژئاواشەوە پشتگیریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لێدەکرێت.
هاوکات ئەمە سێیەم فراوانترین "سنوور بەزاندنی" چینە بۆ سەر تایوان کە بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت.