پوتین دەڵێت ڕوسیا ئامادەیە دانوستان لەسەر ئۆکرانیا بکات کیڤیش دەڵێت مۆسکۆ نایەوێت گفتوگۆ بکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕوسیا ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشدار لەشەڕی ئۆکرانیا گفتوگۆ بکات بەڵام کیڤ و پشتگیرە ڕۆژئاواییەکانی ڕەتیانکردەوە کە بەشداری گفتوگۆ بکەن، کیڤیش دەڵێت مۆسکۆ نایەوێت گفتوگۆ بکات.
ڤلادمیر پوتین لە جاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆی ڕوسیا وتی: "ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکەین کە تێوەگلاون لەم جەنگە سەبارەت بە چارەسەرە پەسەندەکان، بەڵام ئەوە لەسەر ئەوان کەوتووە - ئێمە ئەو لایەنە نین کە ڕەتی دەکەینەوە دانوستان بکەین، بەڵکو ئەوانن."
پوتین خۆرئاوای بەوە تۆمەتبارکرد کەهەوڵی داوەڕووسیا لەیەک جیابکاتەوە
وتیشی"لەو باوەڕەدام کە ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا کاردەکەین، بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و گەلەکەمان دەکەین و ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە پاراستنی هاوڵاتیانمان".
لە وڵامی پرسیاری کە ئایا ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ئاستێکی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە و گوتی: پێم وانییە زۆر مەترسیدار بێت".
پوتین وتیشی: "لە ڕاستیدا، ئەو شتە بنەڕەتییەی کە لێرە هەیە سیاسەتی دژبەرە جیۆپۆلەتیکیەکانمانە کە ئامانجیان ئەوەیە ڕوسیای مێژوویی لێک جیابکەنەوە"
بەرپرسانی ئۆکرانیا لێدوانەکەی پوتینیان بە بێمانا وەسف کرد و وتیان، " هێزەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی کریسمەسیان بەسەر برد بۆ بۆردومانکردنی زیاتر لە 25 شارۆچکە بە درێژایی هێڵی پێشەوەی کوپیانسک-لیمان و نزیکەی 20 شارۆچکە لە زاپۆریزژیا ،و بەلایەنی کەمەوە بە 10 مووشەک هێرشی کرایە سەر ناوچەی کوپیانسک لە هەرێمی خارکیڤ"
لەهەمان کاتدا ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی پۆتین پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ واقیع و دان بەوەدا بنێت کە ئەوە ڕوسیایە نایەتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەو ڕاوێژکارە وتیشی ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و هاوڵاتیان دەکوژێت "ڕووسیا دانوستانی ناوێت، بەڵکو هەوڵ دەدات خۆی لابدات لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بڕیارەکانی ولەسەر خۆی لایبات"
هاوکات کرێملین دەڵێت شەڕ دەکات تا هەموو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت لە کاتێکدا کیڤ دەڵێت پشوو نادات هەتا هەموو سەربازە ڕووسیەکان لە هەموو ناوچەکە دەکرێنە دەرەوە.