زێلێنسکی: "دەبێت ئامادە بین بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە وڵاتەکەی دووچاری کێشەی پچڕانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئەوان سەرکەوتووانە بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوە دەدەن و بە پێویستی زانی لە ئامادەکاریدا بن بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردووەتەوە، پیرۆزبایی جەژنی کریسمسی لە تەواوی ئەو کەسانە کرد کە بۆنەکە لە وڵاتەکەی و سەرتاسەری جیهان بەرز رادەگرن.
سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، گوتی: "لەم ماوەیەی دواییدا سوپای رووسیا لە هێرشەکانیدا هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری خێرسۆن بە ئامانج گرتووە. هەموو بکوژە رووسەکان دەبینینەوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە ساڵی ٢٠٢٢ چەند رۆژێکی ماوە، داکۆکی لەوە کرد کە لەوانەیە هێزەکانی رووسیا لەم ماوەیەدا هێرشی دیکە ئەنجام بدەن و داوای لە هاووڵاتییانی ئۆکراینا کرد بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکان رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.
سەرۆکی ئۆکراینا راشیگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە وڵاتەکەی دووچاری کێشەی پچڕانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئەوان سەرکەوتووانە بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوە دەدەن و بە پێویستی زانی لە ئامادەکاریدا بن بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک.