پزیشکانی ئێران 300% زیاتر لە جاران وڵاتەکەیان جێدەهێڵن

موچەی مانگانەی زۆربەی پزیشکانی ئێران ناگاتە 740 دۆلار

پزیشکان و پەرستارانی ئێران لە کاتی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا

2 ساڵ لەمەوپێش



کۆچی پزیشکانی پسپۆڕ و پەرەستاران لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و هۆشداریش دەدرێت لە کەمیی دەرمانی چارەسەری دەرونیی لەو وڵاتە.

 

یەحیا ئیبراهیمی، ئەندامی دەستەی تەندروستیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەوە کۆچی پزیشکان و پەرەستارانی وڵاتەکە بەشێوەکی بەرچاو زیادی کردوە.

ئیبراهیمی ئاماژەی بەوە کردوە کە موچەی مانگانەی زۆرینەی پزیشکانی پسپۆڕی ئێران بەهۆی زیادکردنی باج لەسەریان ناگاتە 30 ملیۆن تمەن کە هاوشانە لەگەڵ 740 دۆلار بۆیە ئەو پزیشکانە بە ئامانجی داهاتی زیاتر بە لێشاو رو لە وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی کەنداو دەکەن.

بە پێی دوایین راپۆرت رێژەی کۆچی پزیشکان و پەرستارانی ئێران لە دوو ساڵی رابردودا بە رێژەی 300% بەرز بوەتەوە و لە ماوەی چوار ساڵدا 16 هەزار پزیشک وڵاتەکەیان بە مەبەستی کۆچ جێهێشتوە.

هەر بە پێی ئامارەکان تەنها لە یەک ساڵدا 160 پسۆڕی دڵ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردوە و لە ئێستادا ئێران روبەڕوی کەمی ژمارەی پزیشکی پسپۆڕی دڵ بوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە مەجید سادقی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی دەرونی ئێران هۆشداریی داوە کە بەهۆی دۆخی ئێستای ناڕەزایەتییەکان کێشەی دەرونیی کۆمەڵگای ئێران لە 23% بۆ 34% زیادی کردوە و دەرمانی چارەسەریی کێشە دەرونییەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە.

سادقی جەختی لەوەش کردەوە؛ تا بەهای دۆلار لە ئێران بەرز ببێتەوە نرخی زۆربەی دەرمانەکانیش هەڵکشان بەخۆیانەوە دەبینن و لە هەندێک حاڵەتیشدا توانای هاوردەکردنی ئەو دەرمانانە نامێنێت.

لە نوێترین راپۆتی جیهانیدا؛ ئێران بە 20 وڵاتی سەرەکیی پێشکەوتو لە زانستی پزیشکیی ئەژمار دەکرێت و لە روی بەرهەمهێنانی دەرمانیش لە نێوان 200 وڵاتی جیهاندا 16یەمین وڵاتە کە توانای زۆری لە بواری دەرمانسازیدا هەیە بەڵام بەهۆی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە پێناچێت بتوانێت پێگەکانی لە ئاستی جیهاندا بپارێزێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار