مەسک: نزیکەی 100 وێستگەی ستارلینک لە ئێران چالاکن

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیلۆن مەسک دەڵێت، ئێستا نزیکەی 100 وێستگەی ئینتەرنێتیی ستارلینک لە ئێران چالاکن و کاردەکەن. ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کورستان و ئێران هێڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا سنووردارکراوە. 

رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی بۆشایی ئاسمان لە تویتێکدا نووسی: "لە 100 ستارلینکی چالاک لە ئێران نزیکدەبینەوە". 

ستارلینک سەرووی دوو هەزار مانگی دەستکردی بچووکی بە ئاسمانەوە هەیە کە بە دووری نزیکەی 550 کیلۆمەتر لە خولگەی زەویدا دەخوولێنەوە و ئینتەرنێت بۆ 43 وڵات دابیندەکەن. لەسەر زەویش، تێرمیناڵی تایبەت بە ستارلینک جێگیرکراون کە ئینتەرنێت لە ستارلینکەوە وەردەگرن. 

لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، مەسک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ ئۆکراینییەکان تێرمیناڵی ستارلینکی ناردە وڵاتەکە و ئێستا 20 هەزار وەرگری بچووکی ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەن. 

ملیاردێرەکە کە خاوەندارێتیی تویتەریش دەکات، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەڵێنیدا کە تۆڕی ئینتەرنێت لە رێگەی مانگە دەستکردەکانی ستارلینکەوە بۆ ئێران دابین بکات. ئەوەش دوای ئەوە هات بەرپرسانی ئێران بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە ئینتەرنێتیان سنووردارکرد بۆ ئەوەی رێگری لە ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن. 

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز لە 16-09-2022 دەستیانپێکرد، ژینا لە 13ی ئەیلوول لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.

بەگوێرەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە، 469 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نزیکەی 14 هەزار کەس دەستبەسەرکراون. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار