ژنان و کچانی سۆماڵ بوونەتە بەکارهێنەرێکی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ساڵی ڕابردوو بەهۆی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەسەر شەقامەکانی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، تەشەنەسەندنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەتایبەتیش لەنێویاندا ئۆپیۆید ئاشکرا بوو؛دوای ئەوەی پشکنینەکان ڕایانگەیاند کە بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئۆپیۆید گیانی لەدەست داوە.
ئەو ژنە یەکێک بووە لە کەسە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، هاوڕێکانی ئاماژەیان بەوەداوە کەماوەیەکی زۆرە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەوەش بەڕوونی لەکاتی ڤیدیۆکانیدا هەستی پێکراوە. بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەجۆرێک زیادی کردووە کە دایکان وباوکان نیگەرانن لە پەرەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو کچە گەنجەکانیاندا، کە هەندێکیان هێشتا لە قوتابخانەن وتەمەنێکی کەمیان هەیە.
دایکی یەکێک لەو کچانەی کە کچەکەی تووشبووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە دەڵێت، ڕۆژیکیان حەبی ترامادۆڵ و گەڵای توتنم لەناو جانتای کچەکەم دۆزیەوە، کاتێکیش پرسیارم لێکردووە دەربارەی ئەو دەرمانانە پێیوتوم کە هاوپۆلەکانی هانیان داوە، واتە بەجۆرێکی زۆر مەترسیدار تەشەنەی کردووە لەناو کچانی گەنجدا. یەکێکی تر لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵانە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەمینۆ عەبدی لەبارەی ئالودەبونیەوە بە ماددە هۆپشبەرەکان دەڵێت بەهۆی هاوڕێکانی و هاوسەرەکەیەوە دەستیکردووە بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دەڵێت لەسەرەتادا بە کێشانی توتن دەستم پێکردووە، دواتر چومە سەر دەرمانە قورسەکانی دیکە کە لەڕێگەی دەرزی لێدانەوە بەکاردەهێنرا، بۆنمونە پێتیدین.
ئەمینۆ عەبدی دەڵێت، دوای ئەوەی دەستمکرد بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا دەمکێشا وخەووم لێدەکەوت، هەر بەوهۆیانەوە نێوانم لەگەڵ هاوسەرەکەم تێکچوو وە ئێستا بەتەنها لەگەڵ منداڵەکەم ئەژیم وجیابومەتەوە، دەڵێت هاوسەرەکەم کاریگەریەکی خراپی هەبووە لەسەرم بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
ئەمینۆ عەبدی یەکێکە لەو ژنانەی کە دەیەوێت وازبێنێت لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان، بەڵام باس لەوە دەکات بەهۆی نەبوونی سەنتەری چاکسازی پێویست بۆ یارمەتیدان وچارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە ئالودەی ماددە هۆشبەرکانن لە سۆماڵ، ئەوە کاریکی سەختە بۆیان .
جگە لە بەکارهێنانی ئۆپیۆید بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو ژنان وکچانی گەنجدا لە سۆماڵ، یەکێکی دیکە لە ماددەکان کە ژنانێکی زۆر ئالودەی بوون گەڵایەکە بەناوی " تابوو"، هاوکات ماددەکانی وەک مۆرفین، کۆدەین، ترامادۆڵ کە ئەمانە زیاتر لەڕێگەی بۆریەکانی خوینەوە بە دەرزی بەکاردەهێنرێت.
پۆلیسی مۆگادیشۆ، ئاماژە بە زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن لەنێو ژنان و کچانی سۆماڵ و حاڵەتێکی زۆریان تۆمارکردووە، هەروەها باس لەوە دەکەن کە ژنان ڕوویان لە جۆرە نوێیەکانی ماددە هۆشبەرەکان کردووە.
هاوکات، پۆلیسی مۆگادیشۆ لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆگادیشۆ دەستیان بەسەر بارێکی گەورەدا گرتووە کە بەشێکی زۆری ئۆپیۆید بوو، هەروەها ئەوانەیان دەستگیرکردووە کە گواستویانەتەوە.