دیمیتری پێسکۆف :کریملن پلانە ١٠ خاڵییەکەی ئۆکرانیا بۆ ئاشتی ڕەتدەکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ چوارشەممە کریملن پلانە ١٠ خاڵییەکەی ئۆکرانیای بۆ ئاشتی ڕەتکردەوە و دەڵێت هەر پلانێکی ئاشتی ئۆکرانیا دەبێت ناوچە لکێنراوەکان بە ڕوسیاوە بگرێتەوە.
دیمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کرێملن وتی: "ناکرێت هیچ پلانێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا هەبێت کە ڕەچاوی ڕاستیەکانی ئەمڕۆی ناوچەی ڕوسیا نەکات، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی چوار هەرێم بۆ ڕووسیا ئەو پلانانەی کە ئەم ڕاستیانە لەبەرچاو ناگرن ناتوانن ئاشتییانە بن".
ڕوسیا لە مانگی ئەیلولدا دوای ئەوەی ڕیفراندۆمی لە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا ئەنجامدا هەرێمەکانی دۆندتسک، لوهانسک، خەرسن و زاپووریژژیای بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی ناساند لە کاتێکدا هیچ کەم لەم ناوچانە بەتەواوی لە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیادا نین و ڕیفراندۆمەکە لە لایەن ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا ئیدانە کرا.
ئەمەشلەکاتێکدایە سەرۆکی ئۆکرانیا زیلینسکی لە مانگی یانزەدا پلانێکی ١٠ خاڵی بۆ ئاشتی پێشکەشکردووەو لە گەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و سەرکردەکانی جیهاندا گفتوگۆی لەسەر دەکات وهانی سەرکردەکانی جیهان دەدا کە لوتکەیەکی ئاشتی جیهانی لەسەر بنەمای ئەو پلانە ١٠ خاڵییە ببەستن.
زیلینسکی داوا دەکات کە ڕوسیا لەو چوار ناوچەیە بکشێتەوە کە بە بەشێک لە ڕوسیای ناساندووە لە گەڵیاندا لە کریمیا کە لە ٢٠١٤ دەستی بەسەردا گرت.
جێگەی باسە کریملین بە بەردەوامی وتوویەتی کە کراوەیە بۆ گفتووگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام وەک خۆی دەڵێت هیچ ئارەزوویەک لە لایەن کیڤەوە نابینێت بۆ ڕێککەوتن .