ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئیران 103 رۆژە بەردەوامە

بەریتانیا و ئەڵمانیا هۆشداریی دەدەنە دەسەڵاتدارانی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



103 رۆژە ناڕەزایتەییەکان بەردەوامن و تەنها لە دو رۆژدا رێوڕەسمی چلەی 11 کوژراوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەهاباد و بۆکان و پیرانشار و سەقز و سنە بەڕێوچو و  لەو شارانە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبون و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان دروشمیان دی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و هاوکات ولاتی ئەڵمانیا پشتیوانیی بۆ ناڕەزایەتییەکان دوپات کردەوە و رایگەیاند؛ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران راگیراون و سەرنجی وڵاتەکەی تەنها لەسەر خۆپیشاندان و پشتیوانیی لە خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتییانەیە لە ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە بۆکان چلەی مەرگی میلاد مەعروفی تەمەن 23 ساڵ بەڕێوەچو و دایکیشی لەسەر گڵکۆکەی رایگەیاند؛ کوڕەکەی ئەو چێ شانازییە کە شەهیدی رێگەی ئازادیی و کوردستانە بۆیە گریانی ناوێت، ئەو وتیشی" دەبێت بەکرێگیراوان بگرین کە لە پێناو پارە و ماڵی دنیا خۆیان و خەڵک و رۆڵەکانی ئێمەیان فرۆشت، دایکی میلاد دەڵێت: ناگریم بۆ کوڕەکەم و شانازیی پێوە دەکەم  ئەوان شەهیدە و رۆڵەی ئاگر و خوێنە.

بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەکی کە لە رێوڕەسمەکە بڵاو کراوەتە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان و یادی چلەی میلاد مەعروفی کردوە.   

هەر لە شاری بۆکان رێوڕەسمی چلەی مەرگی شەهریار محەمەدی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو.

لە شاری مەهاباد رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهران رەحمانی بەڕێوەچو کە دوای برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدابو.

بە پێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 103 رۆژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان 139 کەس کوژراون کە تەمەنی زۆرینەیان لە نێوان 19 بۆ 26 ساڵ بوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە لە ماوەی 20 رۆژی رابردودا دەیان کوڕ و کچی گەنجی ئیلام و کرماشان و مەهاباد و سەقز و بۆکان دەستگیرکراون و چارەنوسی زۆربەیان نادیارە.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا ناسنامەی 201 کچ و ژنی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون ئاشکرابوە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردوەتەوە  تا 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 476 کەس لە خۆپیشاندەران بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کوژراون.

ئەگەرچی تا ئێستا حکومەتی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمیی لە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام ئاشکرای کردوە 51 ئەندامی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی لەو ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون.

بە کۆی ئامارەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە کە بارەگاکانیان لە دەرەوەیە لە ماوەی 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان بە گشتی 527 کەس کوژراون و لەو ژمارەیەش 69 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە.

لە رۆژانی 21 تا 22 مانگی ئیلولی ئەمساڵ هەشت لاو کە تەمەنیان 16 ساڵ بو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو رۆژەی سارەکانی ورمێ و پیرانشار و شنۆ و دێدەشت و تاران و زەنجان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا.

 

لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی چوارشممە کریستۆفەر بێرگەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ چیتر پێویست ناکات دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران بەردەوام بێت چونکە ئامانج و سەرنجی سەرەکیی ئەڵمانیا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەیە.

لەگەڵ لێدوانی کریستۆفەر بێرگەر ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رەخنەی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی و ئەوروپا گرت کە تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان نەخستوەتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ بەریتانیا رایگەیاند؛ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە ئەو حەوت هاوڵاتییە بەریتانی-ئێرانییە ئازاد بکات کە لە ماوەی رابردودا لە لاین سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرابون.

لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ بەریتانیا هیچ کاتێک قبوڵی ناکات هاوڵاتییانی وەک بارمتە بە ئامانجی فشاری سیاسیی سودیان لێورگیرێت و پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو شێوازە بێت کە دەیەوێت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت بەریتانیا ، فشاری سیاسیی لەسەر لەندەن دروست بکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار