لە هیندستان پشکنینێکی نوی بۆ شێرپەنجەی مەمک ئەدۆزرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە هندستان زانایەکی کۆمپیوتەری هندی کامێرایەکی درووستکردووە کە دەتوانێت وێنەی ژنان بگرێت و لەڕێگەی پلەی گەرمیەوە بوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک دیاری بکات.
پشکنینەکە بەجۆرێکە کە ئەو ژنانەی پشکنینیان بۆ ئەکرێت جلەکانی سەرەوەیان لادەبەن و بێ ئەوەی کەسیک دەستیان لێبدات لەڕێگەی کامێراکەوە وینەیەکیان دەگیرێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی هەبێت لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی لە کەسەکە بدۆزرێتەوە دواتر پشکنینی زیاتری بۆ ئەنجام ئەدرێت.
گیتا مەنجونات کە داهێنەری ئامێرەکەیە دەڵێت کامێراکە زۆر ئاسان بەکاردێت و هەرکەس بیەوێ دەتوانێت لەگەڵ خۆی بۆهەموو شوێنێکی بگوازێتەوە وکێشێکی کەمی هەیە.
گیتا مەنجونات، دەڵێت ئەم هەوڵەم بۆ ئەوەیە کە ڕێژەی تووشوبون و گیان لەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان کەم بکەمەوە، هاوکات باس لەوە دەکات کە بەهۆی تێچووی" مەمۆگرافی" ودەستڕاگەیشتنی زۆرێک لە ژنان ناتوانن زوو ئاگاداربن لەوەی کە تووشی شیرپەنجەی مەمک بوون؛ هەربۆیە ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەوکەسانەی ناتوانن پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجام بدەن لەم رێگەیەوە پشکنین بکەن.
بەشێک لەو ژنانەی کە ئەم پشکنیەیان کردووە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لێدەکەن ودەڵین هەستێکی خۆشە کە بەبێ ئەوەی کەس دەست لێبدات پشکنینەکەت بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ ئازارێکی نیە وتێچویەکی کەمی هەیە.
گیتا مەنجونات دەڵێت، هەمیشە خەوم بەوە بینیوە کە لە هندستان ڕزگارمان بێت لە ڤایرۆسی ئیفلیجی پۆلیۆ، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم کە لە شێپرپەنجەی مەمک ڕزگارمان بێت.
ئەم داهێنانەی کۆمپانیای نیرامای کە گیتا مەنجونات بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە وداهێنەری ئەم ئامێرەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە نیوەی تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان ناتوانن چاکبنەوە و گیان لەدەست ئەدەن.
کۆمپانیای نیرامای کە خاوەنی داهێنانەکەیە، تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٦٠ هەزار پشکنینی ئەنجامداوە لە هندستان، هەروەها باس لەوە دەکەن کە %٩٠ ئەنجامی پشکنینەکان دەقیق بوون، بەڵام پزیشکانی رۆژئاوا و بەڕێبەرایەتی خۆراک ودەرمانی ئەمریکا دەڵێن باشترین پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک " مەمۆگرافیە"