بەریتانیا داوا لە ئێران دەکات هاوڵاتی بەریتانی- ئێرانی دەستگیر نەکرێن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە ئەو کەسانەی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن و هاوڵاتی بەریتانین نابێت دەستگیربکرێن.
ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژی ڕیشی سوناک، وتیشی داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلەمان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتیانەی کە ئێرانین و خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت ئەم پرسە بۆ کاریگەری وکاری دیپلۆماسی بەکاربهێنرێت.
ئەم داوایەی بەریتانیا دوای ئەوە هات کە دەزگای سەر بە هەواڵی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایەگەیاند چەند کەسێکییان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە هەندێکییان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانیشن.
پارتی کرێکارانی بەریتانیا داوای سزای نوێی کردووە بۆسەر ڕێکخراو و دەسەڵاتدارانی ئێران.
هاوکات دەیڤد لامی، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا سزایان بەسەر زیاتر لە ٤٠ بەرپرسی ئێراندا سەپاندووە، بەڵام بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە و سزای نوێ بەسەر ئەو بەرپرس و رێکخراوانەی ئێران کە دەستیان هەیە لە سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران.