ئیتاڵیا بەهۆیی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران هۆشداریی دەداتە ئێران
ئیتاڵیا: چیتر لە بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی ئێران دان بەخۆماندا ناگرین
جیۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا
2 ساڵ لەمەوپێش
ئیتاڵیا هۆشداریی دەدات ئەگەر دەسەڵاتی ئێران لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران رانەگرێت ئەوا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی سزای قورس و کاریگەر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.
جیۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، رۆژی پێنجشەممە لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵی 2022 رایگەیاند؛ ئەوەی ئێستا لە لایەن دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خەڵک و خۆپیشاندەران دەکرێت بۆ رۆما قبوڵکراو نییە و چیتر لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دان بەخۆماندا ناگرین.
میلۆنی وتی: ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕێت ئەوا ئیتاڵیا و وڵاتانی هاوپەیمانی سزای توند و کاریگەری دژی ئەو دەسەڵاتە دەسەپێنن.
لێدوانەکانی میلۆنی لە کاتێکدایە رۆژی چوار شەممە باڵیۆزۆی ئێران لە رۆما بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کرا و پێی راگەیەنرا دەبێت بە زوترین کات سزای سێدراە و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە راگیرێت.
ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی دوو دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی لە مەشهەد و تاران لەسێدارە داوە و سزای سێدارەش لانیکەم 100 کەس دەگرێتەوە و 59 کەسیش کە 15 گەنجی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج مەترسیی لەسێدراەدانیان لەسەرە.