بەرپرسێکی بێلاڕووس: کەوتنەخوارەوەی موشەکە ئۆکرانییەکە لە ناو بێلاڕووس پێناچێت " بە ڕێکەوت " بووبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی بێلاڕووس دەڵێت پێناچێت ئەو موشەکە ئۆکرانییەی کە هاتە ناو ئاسمانی بێلاڕووسەوە و خرایە خوارەوە " بە ڕێکەوت " بووبێت.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس وتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە موشەکێکی ئێس – 300 ی ئۆکرانی زەوی بۆ ئاسمانییان لە نزیک گوندی هارباچا لە هەرێمی برێست خستۆتە خوارەوە، ئەو ناوچەیەش 15 کم لە سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیاوە دوورە
ئەلیکساندەر ڤۆلفۆڤیچ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی بێلاڕووس بە ڕۆژنامەی سپۆتنیک بێلاڕووسی وت " کیێڤ بە پەرۆشەوەیە بۆ وروژاندنی ململانێیەک لە ناوچەکەدا ئیتر بە هەر شێوەیەک بێت. نموونەش بۆ ئەمە ڕووداوەکەی ئەمدواییانە بوو کە موشەکە ئێس – 300 ەکەی ئۆکرانیا تێکشکێندرا."
وتیشی " هۆکارێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین کە بە ڕێکەوت موشەکەکە هاتۆتە ئاسمانمانەوە".
لە هەمان کاتدا کرێملین وتی کە زۆر نیگەرانە لە ڕووداوەکە
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ بانگهێشتکردنی شارەزایانی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە "دەوڵەتی تیرۆریستی ڕوسیا" ناکەن بۆ یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و ئەوەشی وت " مافی بێ مەرج بۆ بەرگری و پاراستنی ئاسمانی خۆی پاراستووە"، وتەبێژێکی سەربازی ئۆکرانی گوتی ڕووداوەکە "ئەنجامی بەرگری ئاسمانی"بووە .
سەرەڕای ئەوەش بێلاڕووس بانگێشتی باڵیۆزی ئۆکرانیای کرد لە مینسک و بە فەڕمی ناڕەزایی دەربڕی دژی " ڕووداوە مەترسیدارەکە." و داوای دەستبەچێ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕوداوەکە کرد.