تەندروستی جیھانی داوا لە چین دەکات ئامارەکانی کۆرۆنا بخاتەڕوو
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی تەندروستی جیھانی داوا لە لێپرسراوانی چین دەکات بەشێوەیەکی رێکخراو ئامارەکانی کۆرۆنا بخەنەڕوو.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا.
ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە.
جەختیشیان لەوە کردەوە کە "گرنگی چاودێریکردن، و بڵاوکردنەوەی داتاکان لەکاتی خۆیدا پێویستە، بۆ یارمەتی چین و کۆمەڵگەی جیهانی بۆ داڕشتنی پلانیک بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسیداری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەو گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ".
تەندروستی جیھانی لەسەر پەرەسەندنی کۆڤید-19 لەو وڵاتە بڕیاری داوە ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات. ئاژانسەکە دەڵێت بانگهێشتی زانایانی چینی کردووە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری ورد لەسەرپەرەسەندنی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەو ژمارەی توشبون و مردن و ڕێژەی پێدانی ڤاکسین.
هاوکات،ئەمریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، هیندستان، ئیتالیا، ژاپۆن و تایوان هەمووی داوای تاقیکردنەوەی کۆڤید ١٩ دەکەن لە گەشتیارانی چین پێش گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نوێی ڤایرۆسەکە هەیە لە وڵاتەکانیان.
هاوکات ئەو سەرنشینانەی لە چینەوە دەگەنە ئینگلتەرا پێویستە تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی ئە ڤایرۆسە پێشکەش بکەن .