سەرۆکی ئۆکراینا: رەنگە شەوانی هەفتەکانی داهاتوو پڕ جووڵە بن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەکردن بەوەی رەنگە سوپای رووسیا هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی زیاد بکات، رایگەیاند: ''لەوانەیە شەوانی هەفتەکانی داهاتوودا پڕجووڵە بن''.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە کاتەکانی شەو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا.

سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە ئامارەکانی رۆژانی رابردوو کرد و گوتی: ''تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاد لە ٨٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە ئاراستەکراون، لە ئاسماندا تێکشکێندراون. لە شەوی سەری ساڵەوە تا ئێستا کە دوو رۆژ تێپەڕیوە، ژمارەی ئەو فرکەی بێ فرۆکەوانانە ئێرانیانەی (دروستکراوی ئێران) لە ئۆکراینا خراونەتە خوارەوە ٨٠ی تێپەڕاندووە. رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ژمارەیە روو لە زیادبوون بکات. لەبەرئەوە لە هەفتەکانی داهاتوودا، رەنگە شەوان زۆر پڕجووڵە بن. زانیارییمان هەیە رووسیا پیلانی هەیە هێرشێکی درێژخایەنی شاهید (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهید) ئەنجام بدات''.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای کرد، هێزی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی هۆشیارتربێت و گوتی: ''ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان زیاتر وریابن لە پاراستنی کایەی ئاسمانیی''.

سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو کە پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لایەن ئەنجام داوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی لووتکەی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا-ئۆکراینا کە بڕیارە لە مانگی شوباتدا ساز بکرێت.

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ڤۆن دێر لایەن-دا باسیان لەو پشتیوانییە داراییە کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینای دەستەبەرکردووە و گوتی: ''بەپێی ئەو بڕیارەی ساڵی رابردوو دەرکراوە، چاوەڕوانین یەکەم بەشی پشتیوانییە داراییە گەورەکە لە کانوونی دووەمدا بگاتە دەستمان. ئەم پشتیوانییە زۆر گرنگە، ئەویش لەم کاتەدا کە رووسیا هەوڵی کۆکردنەوەی هێزی نوێ دەدات بۆ هێرشکردن''.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار