جۆ بایدن پلانی وەرگرتنی ٣٠ هەزار کۆچبەری بە یاسایی ڕاگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا مانگانە ٣٠ هەزار کۆچبەر بە ڕێگای یاسایی بێنە ئەمریکا و وەربگیرێن، ئەم بڕیارەی جۆ بایدن لە چوارچیوەی پلانەکانیدایە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی لێشاوی کۆچبەران.
بڕیارەکە کۆچبەرەکانی سنوری مەکسیک، ڤەنزوێلا،کوبا، نیکاراگوا، هایتی دەگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢١ ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەو سنورانە دەستبەسەرکراون کە نزیکەی ٢ ملیۆن ونیو کۆچبەر بوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێژەی ٪٢٤ لەسەد زیاتربووە.
ئەم قەیرانانەی سنورەکان بەربەست وگرفتی گەورەی سیاسیان بۆ ئیدارەی جۆ بایدن درووستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارەی جۆ بایدن، تەنها دوای ڕۆژێک لەوە دێت کە رایگەیاندبوو هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکای باکور سەردانی سنورەکانی مەکسیک دەکات.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو کۆچبەرانەی وەردەگیرێن ڕێگەیان پێدەدرێت کە بۆماوەی دوو ساڵ لە ئەمریکا بژین و کاربکەن، ئەو کۆچبەرانە دەبێ بەڵگەنامەی پشکنینی ئەمنی ئەمریکا وسپۆنسەری داراییان هەبێت لە ئەمریکاوە.
لەبەرامبەردا ئەو کۆچبەرانەشی کە بەڕێگەی نایاسایی دەچنە ناو ئەمریکا بەپێی ماددەی ٤٢ دەگەڕێندرێنەوە.
لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەوە، بەرپرسێکی ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو شێوازە لە وەرگرتنی کۆچبەران کۆچی بەلێشاو وبێ پلانی زۆری پەنابەران و ناسەلامەت کەم دەکاتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ بەپێی ماددەی ٤٣ لە یاسایی ئەمریکا، دەسەڵاتداران ژمارەیەکی زۆری کۆچبەریان دەستبەسەر دەکرد وڕێگەیان پێنەدەدرا بۆ چوونە ناو ئەمریکا، بەپێی ئامارەکان تەنها لە مانگی کانوونی دووەم دا ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار کۆچبەر دەستبەسەرکراون و گەڕێندراونەتەوە، کە زۆربەیان لە سنورەکانی ڤەنزوێلا، کوبا و نیکاراگوا ویستویانە بەنایاسایی بچنە ئەمریکا.