بۆ یەکەم جار تاڵیبان گرێبەستێکی نەوت لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕۆژی پێنجشەممە ئەفغانستان بە سەرۆکایەتی تاڵیبان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت لە حەوزی ئامو داریا و پەرەپێدانی یەدەگی نەوت لە پارێزگای سار پول لە باکووری ئەفغانستان.
گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی شێخ شەهابودین دێلاوەر وەزیری نەوتی و وزەی وەکالەت و بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوت و غازی ئاسیای ناوەڕاستی شینجیانگ لە مەراسیمێکدا کە لە کابولی پایتەخت بەڕێوەچوو واژۆکرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانستی بەختار، لە زاری شێص شەهابودین دیلاوەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە وانگ یوی باڵیۆزی چین لە ئەفغانستان و مەلا عەبدولغەنی جێگیری سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە حوکمەتی تاڵیبان لەم دواییانەدا کۆمەڵێك بڕیاری گرنگی لەبارەی ئابوریەوە داوە کە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخ وگوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان دەبێت.
وەزیری نەوت و وزەی ئەفغانستان لەبارەی گرێبەستەکەوە وتی، کۆمپانیەکە بەپێی گرێبەستەکە بۆی هەیە لە ڕووبەڕی ٤٥٠٠ کیلۆمەتر جوارگۆشەدا نەوت وکانزاکانی ژێر زەوی دەربهێنێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمپانیاکە بەپێی ستاندارە جیهانیەکان کارەکانی دەکات.
هاوکات ئەمەش یەکەم گرێبەستی ئابوری ئەفغانستانە لەدوای حوکمی تاڵیبانەوە لەساڵی ٢٠٢١ دا.