وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی لە بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربڕی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 کە پەیوەندی بە پەرەسەندنی حاڵەتەکان لە نەخۆشخانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، بەرلین لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.
کارل لاوتێرباخ، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا لە تویتەر نووسیویەتی، "هیوادارین زستان تێپەڕێنین پێش ئەوەی جۆرێکی لەو جۆرە لەنێوانماندا بڵاوبێتەوە"، وتیشی "ئێمە چاودێری دەکەین تا بزانین کە ئایا ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە (XBB.1.5) تا چەند و تا چ ڕادەیەک لە ئەڵمانیایە."
هاوکات، بەشێکی زۆری جیهان چاویان لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆڤید لە چینە، بەڵام شارەزایانی نەخۆشییە درمیەکان زیاتر نیگەرانن سەبارەت بە حاڵەتەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن ئێکس بی بی 1.5( Omicron XBB.1.5) کە زۆر درمیە و بەپێی زانیارییە فەرمییەکان هەفتەی ڕابردوو ، زیاتر لە 40%ی حاڵەتەکانی ئیستای ئەمەریکای پێکهێناوە.
جێگەیباسە ،دکتۆر مایکل ئۆستەرهۆڵم، پسپۆڕی نەخۆشییە درمیەکان لە زانکۆی مینیسوتا لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، حەوت لە کۆی دە ویلایەتی ئەمەریکا کە بەرزبوونەوەی تووشبوون بە کۆڤیدیان لە نەخۆشخانەکانیان بینیوە، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتن، نەخۆشەکان حاڵەتەکانی XBB یان پێوە دەرکەوتوە.