بایدن: پوتین بە داواکردنی ئاگربەست هەوڵدەدات هەناسەیەک وەربگرێت لە جەنگی ئۆکرانیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن ڕایگەیاند دواکردنی ئاگربەستێکی 36 کاتژمێری دوای 10 مانگ لە جەنگ و هەزاران گیان لەدەستدان دەریدەخات کە سەرۆکی ڕووسیا هەوڵدەدات هەناسیەک بدات و بۆ ئۆکسجین دەگەڕێت.
جۆ بایدن لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرەکانی وت: "من ناڕازیم لە وەڵامدانەوەی هەر شتێک کە پوتین دەیڵێت. ئەوەم پێسەیرە کە پوتین بەلایەوە ئاسای بوو لە ڕۆژی کریسمس و سەری ساڵدا نەخۆشخانە و دایەنگا و کڵێساکان بۆمباران بکات بەڵام ئێستە داوای ئاگربەست دەکات ، وابزانم ئەو هەوڵ دەدات هەندێک ئۆکسجین بدۆزێتەوە."
سەبارەت بەم وتارەی بایدن باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنتن ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ ئیدارەی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە هیچ ئارەزوویەکیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی نییەو ئەوەشی خستەڕوو کە "تەنانەت" ئاگربەستێک کە بە یەکلایەنە ڕایگەیاندبوو وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی هەندێک ئۆکسجین ناوبراوە.
پوتین ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی ئاگربەستی ٣٦ کاتژمێری لە شەڕی ١٠ مانگەدا دەرکرد و ڕایگەیاندبوو کە بە بۆنەی جەژنی کریسمسی مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکانی ڕووسیاوەیە.
بەڵام ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەم هەڵوێستەیان بە فێڵێک ناو برد کە ئامانج لێی پێدانی کاتە بە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی سەرباز و کەرەستەکانی بەدرێژایی بەرەی ڕۆژهەڵات.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی (تاس)ی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوای ماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، بەرپرسانی پاڵپشتیکراوی ڕووسیا ئۆکرانیایان تۆمەتبار کرد بەوەی بە تۆپخانە شاری دۆنێتسکی تۆپباران کردووە.
سەرەڕای ئەوەی هۆشداریی هێرشە ئاسمانییەکان لە چەند ناوچەیەکدا دەنگی دایەوە، بەڵام دوای کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، هیچ هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن بەرپرسانی ئۆکراینەوە ڕاپۆرت نەکرا.