هیندستان ڤاکسینێک دژی شێرپەنجەی منداڵدان تاقی دەکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حوکمەتی هیندستان لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی ڤاکسینێک بۆ رێگری کردن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ کچانی تەمەن ٩ -١٤ ساڵان تاقی دەکاتەوە، بەجۆرێک ڤاکسینەکە بە ڕێژەی ٪٩٧ کاریگەرە لەسەر ڤایرۆسەکە.
بەڕێوبەری وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردەی هیندستان دەڵێت، ڤاکسینەکە دژی ڤایرۆسی ئێچ پی ڤیە، کە بەپێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی جۆرەکانی ئەو ڤایرۆسە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی درووستوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە جیهاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوبەری جێبەجێکاری سیرەم و ڤاکسین لە هیندستان ئاماژەی بەوەدا کە ڤاکسینەکە ئیش لەسەر چوار جۆری ڤایرۆسی "ئێچ پی ڤی دەکات".
ڕاجێش بوشان بەڕێوبەری تەندرووستی وپەروەردەی هیندستان ڕایگەیاند، لەگەڵ بەکارهێنانی ڤاکسینەکەدا هەوڵدەدەن هۆشیاری خێزانەکان و دایکان وباوکان بەرزبکەینەوە و کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆربەیان ڤاکسینەکە وەربگرن.
لەبارەی کاریگەری ڤاکسینەکەوە، پسپۆڕێکی پزیشکی ژنان لە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی وتی، ڤاکسینەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا کاریگەری زۆرباشی دەبێت دژی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
ئەم هەوڵەی هیندستان لەکاتێکدایە کە شێرپەنجەی ملی منداڵدان چوارەم جۆری شێرپەنجەی بەربڵاوە لە جیهاندا، هەروەها ڤایرۆسی " ئێچ پی ڤی" یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم جۆرەی شێرپەنجە.