سوید: ناتوانین هەموو داواکاریەکانی تورکیا جێبەجێ بکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید رایگەیاند، تورکیا هەندێک داواکاری هەیە کە سوید ناتوانێت جێبەجێیان بکات.

ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی رێکخراوێکی تایبەت بە ئازادی رادەربرینی وڵاتەکەیدا، ئاماژەی بە پرۆسەی ئەندامێتی فینلەندا و سوید لە رێکخراوی ناتۆ کرد و وتی، " تورکیا لەلایەک پشتگیری لە هەنگاوەکانمان دەکات و لەلایەکی دیکەوە، باسی ئەو شتانە دەکات کە ناتوانین جێبەجێی بکەین."

تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید کە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵێ رابردوو سەردانی تورکیای کردبوو، رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا، وڵاتەکەی تائێستا سێ داواکراوی رادەستی تورکیا کردووەتەوە، بەڵام ناسنامەى ئەو کەسانەى ئاشکرانەکردووە کە رادەستکراونەتەوە.

حکومەتی سوید له حەوتی ئازاری ئەمساڵدا، پڕۆژه یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادان، بۆ بەتاوان ناساندنی چالاکی رێکخراوەکانی دژی تورکیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەو رێکخراوانە رەوانەی پەرلەمان دەکات.

سەرەتای ساڵی رابردوو، سوید و فینلەندا بەهۆی مەترسیەکانی روسیا، داوای ئەندامێتیان لە ناتۆدا کرد، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون داڵدەداوە.

لە ٢٨ى حوزەیرانى ساڵی رابردوودا لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد.

بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، ئەو وڵاتانە چەندین داواکراوی ئەندامی پەکەکە، پارتە چەپەکان و گولەنیەکان رادەستی تورکیا بکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار