لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل هێرشیان کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و دادگای باڵا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕۆژی یەکشەممە چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل هێرش دەکەنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ودادگای باڵا وکۆنگرێس.
لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیمەنی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس وکۆشکی سەرۆکایەتی و دادگای باڵا لەلایەن لایەنگرانی جاییر بۆلڵسۆنارۆ دەردەکەوێت کە بەسەر دیوارەکان وبەربەستەکانی بیناکاندا سەردەکەون وپەنجەرەو کەلوپەلەکان دەشکێنن.
بەرپرسان ڕایانگەیاندووە، کە ڕووداوەکە لەرۆژی یەکشەممەدا روویداوە کاتێک کە یاسادانەران وبەرپرسەکانی دیکە لەکاتی دەوامدا نەبوون.
لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگرانی جایر بۆلسۆنارۆ شەقامەکانیان داخستووە و ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەکان بەرداوە، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤای سەرۆکی نویی بەرازیل، لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆ پێیان وایە ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش هاوشێوەی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکایە لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە کە گوایا ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا.