ڕووسیا و ئۆکرانیا 100سەربازی دیلیان گۆڕیوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا و وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاشکرایانکرد لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینی و ٥٠ سەربازی رووسی ئازادکران.
لەوبارەیەوە سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا، ئاندرێ یەرماک لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند ٥٠ سەربازی ئۆکراینی لە ئەنجامی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا ئازادکراون.
یەرماک، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دوایین دیل گۆڕینەوە نابێت و گوتی: “ئەرکمان، گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییەکانمانە و ئەمە جێبەجێ دەکەین”.
هاوکات بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە ٥٠ سەربازی رووسی لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی ئازادکراون.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەش روونکراوەتەوە کە سەربازەکان بە فڕۆکەی وەزارەتەکە گەیەندراونەتە مۆسکۆی پایتەخت و چارەسەری پزیشکی و دەروونییان پێشکەش کراوە.
جێگای ئاماژەیە دوایین گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرابوو.