نەتەوە یەکگرتوەکان: چینی ئۆزۆن بەخێرایی چاک ئەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریخست، چینی پارێزەری ئۆزۆن بە خێرایی چاک ئەبێتەوە،ئەمەش لەماوەی ٤٣ ساڵدا ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەسەر ئاستی ناوچەی جەمسەری باشور درووستبووە بەتەواوی چاک دەکاتەوە.
ڕاپۆرتەکە ڕۆژی دوو شەممە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی کەشناسی ئەمریکی لە شاری دینڤەر خرایە ڕوو وباسی لێوەکرا، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەی ئۆزۆن وردە وردە بەردەوامە، هەروەها تا ساڵی ٢٠٤٠ ئاستی چڕی ئۆزۆن ناگەڕیتەوە ئەو دۆخەی کە پێش ساڵی ١٩٨٠ هەیبوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ چاکبونەوەی چینی ئۆزۆن لەئاستی جەمسەری باکورد کاتێکی زیاتری پێویستە وتاساڵی ٢٠٤٥ دەخاێنێت.
هاوکات پۆل نیومان، سەرۆکی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکە ودۆخی ئۆزۆن ڕایگەیاند، ئێمە گۆڕانکاریەکان وچاکبونەوەی کونەکانی ئۆزۆن دەبینین، هەروەها چینەکانی وەک ستراتۆسفیر کەدەکەونە سەروو چینی ئۆزۆنەوە ئەوانیش گۆڕانکاریان تێدا دەرکەوتووە.
لەبارەی ئەو کونە گەورەیەی چینی ئۆزۆن لەسەر ئاستی جەمسەری باشور، ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە چاکبونەوەی ئەو کونەی ئۆزۆن تا ساڵی ٢٠٦٦ دەخاینێت.
ئەم هەڵسەنگاندنەی دۆخی ئۆزۆن و ئاستی بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەکەی هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵسەنگاندنەی ئەمساڵ وڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەریخست کە پڕۆسەی چاکبونەوەی ئۆزۆن پێشکەوتنی بەخۆوە دیووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی ٣٥ ساڵە وڵاتانی جیهان ڕێکەوتنیکیان ئەنجامداوە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەهێنان وکردنە دەرەوەی گازە ژەهراویەکان بۆناو چینی بەرگەهەوا.
چینی ئۆزۆن بەرزیەکەی لە ناو بەرگەهەوادا ٣٠کیلۆمەترە، ئەو چینەی بەرگەهەوا زەوی لەتیشکە زیانبەخشەکان دەپارێزێت، ئەو تیشکانە مەترسی تەندرووستی لەسەر مرۆڤ درووست ئەکەن لەوانەس شێرپەنجەی پێست.