لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان 20 کەس کوژران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی تاڵیبان ڕایگەیاند، تەقینەوەیەک لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان لە ڕۆژی چوارشەممە بووە هۆی مردنی بەلایەنی کەم 20 کەس.
بەرپرسێکی وەزارەتی پەیوەندی و زانیارییەکانی تاڵیبان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە خۆکوژێک هەوڵی داوە بچێتە ناو بینای وەزارەتی دەرەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە دەرەوە خۆی تەقاندۆتەوە بەرپرسه که گوتیشی لانی کەم 20 کەسی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
هاوکات ستێفانۆ سۆزا، بەڕێوبەری فریاگوزاریی لە ئەفغانستان وتی، "زیاتر لە 40 بریندارمان وەرگرتووە بەڵام بەردەوامین لە وڵامدانەوەو ئەمە ئاماری کۆتای نییە"
هەروەها نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان تۆماس وێست سەرەخۆشی لەقوربانیان کرد و ڕایگەیاند "سەرەخۆشی دڵسۆزانەم لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکەی کابول کە تێیدا بەلایەنی کەمەوە 20 کوژراو و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون ئەم توندوتیژییە هیچ ئامانجێکی نییە ".
جێگەیباسە ،بارودۆخی ئەمنی کابول لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە دوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا بە ناجێگیری ماوەتەوە.
تەقینەوەکە لە دەرەوەی بینای وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان ئەنجام درا و وەک لە وێنەکەدا دیارە ژمارەیەکی زۆر تەرم لەسەر شەقامەکە کەوتوون: