ئەمریکا مەرجەکانی بۆ فرۆشتنی ئێف 16 بە تورکیا رادەگەیەنێت
ئاستەنگەکانی تورکیا بۆ سوید و فینلەندا بەردەوامە
فڕۆکەی ئێف 16ی تورکیا
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات واشنتۆن مەرجی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16ی بە تورکیا راگەیاندوە.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە تورکیای راگەیاندوە ئەو وڵاتە نابێت ئاستەنگ بۆ وڵاتانی سوید و فینلەندا دروست بکات بۆ ئەندامبونیان لە وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە لە ئەگەری نەمانی ئاستەنگ و دژایەتییەکانی تورکیا بۆ ئەندامێتیی دو وڵاتەی ئەوروپا لە ناتۆ، فڕۆکەی نەوەی نوێی ئێف 16 رادەستی تورکیا دەکرێت.
تورکیا لە ساڵی 2021 داوای 40 فرۆکەی جەنگیی جۆری پێشکەوتوی ئێف 16ی لە ئەمریکا کردبو کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی واشنتۆن لەسەر فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە ئەنقەرە رانەگەیەنراوە.
تورکیا بۆ دەربڕینی رەزامەندیی بۆ ئەندامبونی سوید و فینلاند لە ناتۆ داوای لەو دو وڵاتە کردوە ژمارەیەک نەیاری وڵاتەکەی رادەست بکەنەوە و بە پێچەوانەوە ئەنقەرە رزای نابێت ئەو دو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ.
پێشتر فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرک کۆماری تورکیا وتبوی، وڵاتەکەی ناتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکات لە کاتێکدا ستۆکهۆڵم رێگە بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)و لایەنگرانی دەدات بەبیانوی دیموکراتی لەسەر خاکەکەی چالاکی جۆراوجۆر لە دژی تورکیا ئەنجام بدەن.
ئەو وتبوی سوید پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبوە کە لە رێکەوتنی سێ قۆڵیدا داویەتی، هەربۆیە بە ئەندامبونی سوید لە ناتۆ جگە لە خەون هیچی دیکە نابێت و ئەنقەڕە چاوەڕوانیی لە سوید و فینلەندا ئەوەیە پابەندی ناوەڕۆکی ئەو بەڵێننامە سێقۆڵییە ببن کە لەگەڵ وڵاتەکەیدا لەسەری رێککەوتون.