لەمانگی ڕابردوەوە تا ئێستا لە چین ٦٠ هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمسیۆنی تەندروستی نیشتیمانی چین ڕایگەیاند، تەنها لەماوەی مانگی ڕابردوودا نزیکەی شەش هەزار کەس بە کۆرۆنا و حاڵەتەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها وتیشی ئەمانە تەنها ئاماری ئەوکەسانەن کە لەنەخۆشخانە تۆمارکراون، واتە دەکرێت ژمارەکە زۆرتربێت ئەگەر ئەوکەسانەش تۆماربکرێن کە لە ماڵەوە گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاگەێندراوی کۆمسیۆنی تەندروستی، ٥ هەزار وپێنج سەد وسێ کەس بەهۆی سستی و لەکارکەوتنی سیەکانیانەوە گیانیان لەدەست داوە، نزیکەی ٥ هەزار و چوارسەد نەخۆشیش بەهۆی حاڵەتەکانی دیکەی پەیوەست بەکۆرۆنا کە نەخۆشەکان لەگەڵیا نەخۆشی دیکەیان هەبووە گیانیان لەدەست داوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەماوەی مانگی کانوونی دووەمەوە کە چین ڕێکارە توندەکانی پەیوەست بە کۆرۆنای هەڵگرت لەناو وڵاتەکە، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی بەرزبونەوەی حاڵەتاکانی کۆرۆنا ڕانەگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ڕیکخراوی تەندرووستی جیهانی و وڵاتانی دیکەی جیهان داوای زانیاری وئامارەکانی تووشبوونیان لە چین دەکرد.
لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا بەو ڕێژەیە، جیاو یاهوی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتمانی ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکان پێدەچیت ئەمە کۆتاین ڕێژەی بەرزبوونەوەی کۆرۆنا بێت لە چین، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ٢٣ی مانگی کانوونی دووەمدا لە لوتکەدا بووە و ڕۆژانە نزیکەی ٢ ملیۆن ونیو کەس تووشی ڤایرۆسەکە بووە، لەکاتێکدا لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەڕیژەی ٪٨٥ ژمارەی تووشبوان دابەزیوە وتەنها ٤٧٧ حاڵەت تۆمارکراوە.
بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا ومردن بە کۆرۆنا لەکاتێکدایە کە لە دوای لابردنی ڕێکارە توندەکانی کەرەنتینە وکردنەوەی سنورەکانی چینەوە، چەندین وڵات ڕێکاری تەندروستی توندیان لەبەرامبەر گەشتیارە چینیەکان گرتەبەر بەهۆی بەرزبونەوەی تووشبوانی کۆرۆنا لەچین؛ ئەوەش کاردانەوەی چینی لێکەوتەوە وبەدوایدا پێدانی ڤیزەی بەچەند وڵاتێک بۆماوەیەکی نادیار ڕاگرت.