ئەوروپا: سزای سێدارە دوایین خاڵی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە لە ئێران
ئەوروپا: دەبێت دەسەڵاتی ئێران خۆی بەدور بگرێت لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە
2 ساڵ لەمەوپێش
یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی سزای سێدارە لە ئێران دەکات و داوای لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کرد جێبەجێکردنی سیدارە بەهەموشێوەک رابگرێت.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، رایگەیاند؛ ئەوروپا لەسێدارەدانی هەر کەسێک و بە هەرشێوازێک لە ئێران بە توندی ئیدانە دەکات و لەسێدرادانی هاوڵاتییەکی ئەوروپاش لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەن.
ئەوروپا لەو بەیاننامەیەدا هاوخەمیی بۆ کەسوکاری عەلیرەزا ئەکبەری دەربڕیوە کە رۆژی شەممە بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارەدرا.
ئەوروپا جەختی لەوە کردوەتەوە "کە پشتگیریی تەوای بەرتیانیا لە دژی تاران دەکەن و هاوکات سێدارە بە دوایین خاڵی پێشێلکارییەکانی ئێران دژی مافەکانی مرۆڤ لەقەڵەم دەدەن چونکە سزاکە ستمەکارانە و نامرۆڤانە و ئەوپەڕی بێڕێزییە".
لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە: دەبێت دەسەڵاتی ئێران خۆی بەدور بگرێت لە جێبەجێکردنی هەر جۆرە بڕیارێکی دیکەی سێدارە و رێوشوێن و سیاسەتی نوێ بگرێتەبەر لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سزای سێدارە لە وڵاتەکەی.
لەسێدارەدانی ئەکبەری پێشتر لە لایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، ئیدانە کرا و بەریتانیا باڵیۆزەکەی لە تاران کشاندەوە بە مەبەستی راوێژ لەسەر بابەتی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری بەرگریی پێشوتری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ( (MI6، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە درا و ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێکەوتەوە.