دۆزینەوەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنی لە ئۆفیسەکەی جۆ بایدن، ئیدارەی بایدن دەخاتە ژێر پرسیارەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاشکرابوونی دۆزینەوەی چەند فایلێکی نهێنی لە ئۆفیس وگەراجی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەکان بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر   دەگەڕێنەوە لەکاتێکدا جۆ بایدن" جێگیری سەرۆکی ئەمریکا"باراک ئۆباما بووە.

ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو دۆزینەوەی چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی لە ئۆفیسی ماڵی جۆ بایدن لە ویلایەتی دیلاوێر دۆزرانەوە، دوا بەدوای ئەوەش کۆتایی ئەم هەفتەیە و ڕۆژی پێنجشەممە ٦ بەڵگەنامەی دیکە دۆزرانەوە کە یەکێکیان لە گەراجە تایبەتەکەی جۆ بایدن بوو کە ئۆتۆمبێلە وەزرشیە تایبەتەکەیی لێ رادەگرێت، کە شۆفەرلێت کۆڤێرتە و بۆ ساڵانی شەستەکان دەگەڕێتەوە، هاوکات ٥ بەڵگەنامەکەی دیکەش کە هەر لەلایەن پارێزەرانی جۆ بایدنەوە دۆزرانەوە لە ئۆفیسەکەیدا دۆزرانەوە لە ویلایەتی دێلاوێر و دەستبەجێ ڕادەستی وەزارەتی داد کران.

بەڵگەنامەکان لە لایەن پارێزەرانی جۆ بایدنەوە دۆزراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لەسەر ناوەڕۆکی بەڵگە نامەکان نیە کە باسی چی دەکەن وچۆن لەوێ دانراون وبۆچی دوابەدوای تەواوبوونی پۆستی فەرمی جۆ بایدن وەک جێگیری باراک ئۆباما ئەو بەڵگەنامانە نەگەڕێنراونەتەوە بۆ ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن و هاوکات نیویۆرک تایمزیشدا هاتووە کە لەڕێی سەرچاوەیەکەوە دەستیان کەوتووە گوایە بەشێکی ئەو بەڵگەنامانە زانیاریان لەسەر وڵاتانی ئێران، بەریتانیا، ئۆکرانیا، هەروەها  وردەکاری پرسەی کوڕەکەی جۆ بایدن " بیو بایدن"  بووە کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا مردووە، ئەمانە لە ١٠ کۆمەڵە بەڵگەنامەی یەکەم هەبوونە کە لە مانگی تشرینی دووەم دا دۆزرانەوە لە پەیمانگای پێن بایدن لە واشنتن دیسی دۆزراونەتەوە.

لەبارەی دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هیچ زانیاریەکی نیە لەوبارەیەوە وسەری سوڕماوە لە دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانە لە ئۆفیسەکەیدا، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیدارەکەی بەهەموو شێوەیەک هاوکار دەبێت لە لێکۆڵینەوەی ئەو بەڵگەنامانە.

هاوکات ئەم فایلانە و کۆمەڵەی یەکەمیان کە ١٠ بەڵگەنامە بوون، لە بەرواری ٢ی تشرینی دووەم دا دۆزراونەتەوە واتە تەنها هەفتەیەک  بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکراوە تاوەکوو لە هەفتەی رابردوودا لەلایەن کەناڵی سی بی ئێس نیوزەوە دۆزینەوەیان ئاشکرا کرا، بەڵام هەر بەپێی ڕاگەێندراوی کۆشکی سپی هەر دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکان ڕاستەوخۆ ئەرشیفی نیشتیمانی ئەمریکا و وەزارەتی داد ئاگادار کراوەتەوە؛ بەڵآم هەموو ئەمانە بوونەتە جێگای پرسیار لەسەر جۆ بایدن لەکاتی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ئەمانەی زانیووە و بەڵام بێ دەنگ بووە.

جێگەیباسە،کاتێک لە هەشتی ئابدا، کارمەندانی "'FBI" لە ماڵەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنییان دۆزییەوە، جۆ بایدن رەخنەی لە ترەمپ گرت و رایگەیاند: "چۆن دەکرێت کەسێک بەو ئەندازەیە لە ئاست بەرپرسیارییەتییەکان خەمسارد بێت".

دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە شوێنی تایبەتی سەرۆکەکانی ئەمریکا بەرەو بوون بە دیاردە دەچن بەوپێیەی پێش جۆ بایدن، ئەفسەرانی نووسینگەی هەواڵگریی فیدراڵیی ئەمریکا ناسراو بە FBI، لە کاتی پشکنینی کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا چەندین فایلی نهێنییان دۆزییەوە کە تێیدا باس لە توانا سەربازیی و تەنانەت توانای چەکی ئەتۆمیی وڵاتێکی دیاریکراو دەکات.

ئەفسەرانی ئێف بی ئای لە مانگی هەشتی 2022 لە کاتی پشکنینی کۆشکەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە مار-ئا-لاگۆ،توانی 103 بەڵگەنامەو فایلی نهێنی بدۆزێتەوە وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری بەشی داد سەبارەت بە ئەگەری هێشتنەوەی نادەستووری زانیاری ئاسایشی نەتەوەیی لە لایەن ترەمپەوە، ئەنجامدرا.

ئەوەشلەکاتێکدابوو کە لە سەرەتای ٢٠٢٢ تیمی ترەمپ، 15 کارتۆن فایلی نهێنییان رادەستی حکومەت کردووەتەوە کە 184 فایل بوون و دوای گوشارێکی زۆرتری ئێف بی ئای، پارێزەرانی ترەمپ 38 فایلی نهێنی دیکەیان رادەستی حکومەت کردەوە و سوێندی یاساییشیان خواردبوو کە ئەوە دوا فایلی نهێنییە لای ترەمپ ماوەتەوە. بەڵام دواتر ئەفسەرانی ئێف بی ئای هەڵیانکوتایە سەر کۆشکەکەی ترەمپ و دەستیان بەسەر چەندین فایلی نهێنی دیکەدا گرت.

هاوکات،بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکا، لەکاتی پشکنینەکانیان ئەفسەرانی ئێف بی ئای، هەندێ فایلی ئەوەندە نهێنیان دەستکەوتووە کە پێویستیان بە رەزامەندی فەرمیی سەروو خۆیان بووە بۆ چاوخشاندنەوە بە زانیارییەکانی نێو فایلەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار