مایکرۆسۆفت دەستبەرداری 11 هەزار کارمەند دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەهۆی قەیرانەکانییەوە 5٪ رێژەی کارمەندانی کەم بکاتەوە بەوەش دەبێتە دووەمین کۆمپانیای گەورەی جیهان کە کارمەندەکانی کەم دەکاتەوە.
پێگەی (بیزنس ئینسایدەر) بڵاوی کردەوە؛ ماوەی زیاتر لە مانگێکە زۆربەی بەشەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کارمەندی نوێ وەرناگرن و بڕیارە لانیکەم 11 هەزار کارمەندی ئەو کۆمپانیایە دوربخرێنەوە .
کۆمپانیاکە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردودا 221 هەزار کارمەندی بوە کە لەو ژمارەیە 122 هەزار کەسیان لە وڵاتی ئەمریکا و 99 هەزار کەسیان لە وڵاتانی دەرەوە بون.
پێشتر مایکرۆسۆفت رایگەیاندبو؛ تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی لە مانگی حوزەیراندا کارمەندەکانی کەم کردوەتەوە بەڵام جارێکی دیکە ژمارەی کارمەندانی زیاد دەکاتەوە.
مایکرۆسۆفت خاوەنی زیاتر لە 301 ملیارد دۆلار و 118 ملیارد پشکە و پوختە داهاتی ساڵی 2021ی گەیشتوەتە 60 ملیارد دۆلار.
بڕیارە لەگەل دورخستنەوەی ئەو 11 هەزار کارمەندە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئامار و داتا ئابورییەکانی لە 24ی ئەم مانگەدا بڵاو بکاتەوە.
پێش مایکرۆسۆفت کۆمپانیای ئامازۆن ئاشکرای کردبو بەهۆی بەرزبونەوەی خەرجییەکان و کەمبونەوەی داهات نزیکەی 18 هەزار کارمەندی خۆی دەردەکات.