بەشێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان لە ئەفغاسنتان دەستیان بەکار کردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە پاراستنی منداڵان و تەندروستی وپەروەردە  لە ئەفغانستان مۆڵەتیان پێدرا دووبارە دەست بەکار بکەنەوە وکارمەندە ژنەکانیشیان دووبارە دەتوانن بگەڕینەوە سەر کارەکانیان، بەمەرجێک پێشێلی یاساکانی پۆشینی جل و بەرگ نەکەن کە تاڵیبان دایناوە.

عەبدول ڕەحمان حەبیب، وتەبێژی وەزارەتی ئابوری کە بڕیارەکەی دەرکردبوو لەبارەی دووبارە کارکردنەوەی ڕێکخراوەکان و کاری ژنان لەو ڕێکخراوانەدا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پڕێسی ڕاگەیاندووە، پێویستە بۆ کۆمەڵگەکەمان کە ژنان دەست بەکارەکانیان بکەنەوە بۆ تەندروستی منداڵان وژنانی ئەفغانستان، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە ستافە ژنەکانمان هاوتەریب لەگەڵ بەها کلتوری و دینیەکان دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.

سامانتا هالیک، وتەبێژی ڕێکخراوی پاراستنی منداڵان ڕایگەیاندووە، کە بەبێ بەربەست مۆڵەتیان پێدراوە کارمەندە ژنەکانیان بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان، بەڵام ئەم توانای کارکردنەی ئێستامان بەشێکی کەمە لەوەی دەبێت بیکەین.

هەروەها ڕێکخراوی " ئای ئاڕ سی" تەندرووستیش دەستی بەکارەکانی کردۆتەوە بە هاوکاری ستافە ژنەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی لەبارەی ڕاگرتنی کارەکانی ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە کەرتی تەندروستی بەهەڵە کارەکانیان ڕاگرتووە وئەوان هیچ فەرمانێکی داخستانیان بۆدەرنەچووبوو.

 

سەرەڕای گەڕانەوەی چەند ڕێکخراوێک کە لەبوارەکانی تەندروستی و  پەروەردە و پاراستنی منداڵان کار دەکەن، هێشتا زۆربەی ڕێکخراوە ناحکومیە مرۆییەکان مۆڵەتی کارکردنیان پێنەدراوە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا ئەفغانستان بە قەیرانێکی مرۆیی قورسدا تێدەپەڕێت، نزیکەی ٣٨ ملیۆن خەڵکی ئەفغانی برسی بوونە، هەروەها ٣ ملیۆن منداڵیش مەترسی بەدخۆراکیان لەسەرە.

ئەم بڕیارەی تاڵیبان بۆ دووبارە کارکردنی رێکخراوەکان و ژنان لەکاتێکدایە کە لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا تاڵیبان بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی پۆشینی جلوبەرگی گونجاو ورێگەپێدراوی تاڵیبان کارکردنی ژنانی قەدەغەکرد وبەوهۆیەوەش زۆربەی ڕێکخراوەکان کارەکانیان ڕاگرت وداوایان کرد تاڵیبان بڕیارەکەی هەڵوەشێنێتەوە؛ هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەستبەجێ لەسەر ئاستی جیهان داوایان کرد دووبارە کارکردنی ژنان ڕێگەی پێبدرێت و بڕیارەکە هەڵبوەشیتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار