کاردانەوەکان لە بەرامبەر دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، دەست لە کارەکەی دەکێشێتەوە و لە هەڵبژاردنی ئەمساڵیشدا بەشدار نابێت.
دوای ئەوەی خانمە سەرۆکوەزیرانەکە لە شاری ناپیێر بەچاوی پڕ فرمێسکەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ، 7ی شوبات دوا رۆژی دەسەڵاتی دەبێت. ئاردێرن گوتی، "من پێ دەنێمە ساڵی شەشەمی پۆستەکەم، بۆ هەر یەک لەو ساڵانەش، هەموو توانایەکی خۆمم بۆ تەرخانکردووە." و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکوەزیران و کەسانی ناسراو دەستخۆشیان لێکرد و کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم بڕیارە هەبوو.
کاردانەوەکان:
"ئەردێرن نیشانی جیهانی دا کە چۆن بە زیرەکی و بەهێزەوە ڕابەری بکات. ئەو دەریخست کە هاوسۆزی و تێڕوانین سیفەتی سەرکردایەتی بەهێزن."
سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ئەنتۆنی ئەلبانی
"سوپاس بۆ هاوبەشی و هاوڕێیەتیت و بۆ سەرکردایەتیە هاوسۆز و میهرەبان و بەهێز و جێگیرەکەت لەم چەند ساڵەدا ئەو کارە جیاوازانەی کە تۆ کردووتە ناپێورێن. هیوای باشترین دەخوازم بۆ خۆت و خێزانەکەت، هاوڕێکەم."
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا جەستن ترودو
من دەمەوێت سوپاسی سەرۆکوەزیران بکەم بۆ ئەو خزمەتەی بە گەلەکەی کردووە،هەروەها جێگەی ڕێزە کە توانی بەباشی ئیشێکی گران و قورس بەو سەرکەوتوییە بەڕێوە ببات، پێم وایە ئەو ڕێگایەی کە نیوزیلاندی بەڕێوەبرد لە کاتی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کریستچەرچەوە و کاردانەوە وڵامی وڵاتەکەمان وایکرد هەموومان هەست بەشانازی بکەین کە ئەو سەرکردەمانە ،هیوای باشترین بۆ خۆی و خێزانەکەی دەخوازم".
کریستۆفەر لوکسۆن سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی نیوزلەندا
'ئێمە زۆر شانازی بەوە دەکەین بەو کارانەی سەرۆکوەزیران بۆ وڵاتەکەمان ئەنجامیداوە ،وە هەموو ئەو شتانەی بەهۆی ئەوەو وەک پارتێک توانیومانە بەدەستی بهێنین، هەروەها دەمانەوێت بەردەوام بین لەسەری."
گرانت ڕۆبێرتسۆن، جێگری سەرۆک وەزیران
"پێم وایە خەڵک دەزانن کە سەرۆک جۆ بایدن و ئەمریکا سوپاسگوزارن بۆ سەرۆک وەزیران ئاردێرن بۆ ڕێبەرایەتییەکەی لە پێشخستنی ئیندۆ پاسیفیک ئازاد و کراوە و هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمریکا و نیوزلەندا"
جێگری بەڕێوەبەری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئۆلیڤیا دالتۆن