وەزیری بەرگری ٥٠ وڵات لە ئەڵمانیا لەسەر ناردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا کۆدەبنەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ بەرپرسانی بەرگری ٥٠ وڵاتی ڕۆژئاوا لە ئەڵمانیا لەسەر ناردنی تانکی لیۆپارد و زیادکردنی هاوکاریە سەربازیەکان بۆ ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.
لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا کە بەرلین بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری نوێی ئەڵمانیا لە کۆبونەوەکەدا ئامادە دەبێت و ئەمە یەکەم ئەرکی گرنگی بۆریس پیستۆریەسیشە لەدوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا ، پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان ئاڵۆز بن، چونکە بەرلین هێشتا دوودڵە لە دابینکردنی تانکەکانی شەڕ کە کیێڤ دەڵێت پێویستمانە بۆ سەرکەوتن لە شەڕەکەدا.
بەرپرسێکی پۆڵەندیش دەڵێت، وارشۆ ئامادەیە ڕێوشوێنی "ناستاندارد" ڕەچاوبکات ئەگەر ئەڵمانیا دژایەتی ناردنی تانکی لیۆپارد بکات بۆ ئۆکرانیا.
هاوکات لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار ئۆلاڤ شۆڵز، ڕاویژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردۆتەوە ئەڵمانیا تەنها کاتێک تانکی لیۆپارد دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا کە ئەمریکاش تانکەکانی خۆی ولەناویاندا " ئێم ١ ئابرامز" بنێرێت بۆ ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەشدا فینلەند و و پۆڵەندا چاوەڕێی ڕەزامەندی ئەڵمانیان بۆ ناردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا.
زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا خاوەنی تانکی لیۆپاردن کە بەگوێرەی شارەزایانی سەربازی یەکێکە لە کەرەستە جەنگیەکان کە دەکرێت وەرچەرخان بکات لە شەڕی نێوان ڕوسیا وئۆکرانیادا، ئەڵمانیاش مافی ڤیتۆی هەیە و بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا بتوانن تانکی لیۆپارد بنێنرن بۆ ئۆکرانیا پێویستە ئەڵمانیا ڕەزامەند بێت.
ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، لە کاتێکدا وڵاتەکەی لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کات نابێت وڵاتانی هاوپەیمان کەمتەرخەمی بکەن لە ناردنی هاوکاریەکان بۆ سەرکەوتنی ئۆکرانیا ، هەروەها ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگەی پەیوەندییەوە لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا ئاماژەی بەوەکرد “ئەو کاتەی جیهانی ئازاد بۆ بیرکردنەوە بەکاریدەهێنێت، دەوڵەتی تیرۆریستی بۆ کوشتن بەکاریدەهێنێت.
بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژەیان بەوەکردووە کە پێدەچیت ئەمریکا زرێپۆشی سترایکەر بنێرێت بۆ ئۆکرانیا بەڵام لە ئێستادا هیچ باسێک لەسەر ناردنی تانکەکانی دیکە بەتایبەت " تانکی ئێم ١ ئابرامز" نیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەردەوامە و سی ئای ئەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لە قوڵبونەوەی جەنگەکە وبەردەوامی زیاتر کردووە لە وەرزی بەهاردا، هاوکات ڕوسیا بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک بەخموت دەکات ئەو شارەی دۆنێتسک کە چەند مانگێکە جێگەی شەڕی توند بووە.