کەنەدا ٢٣ هاوڵاتی خۆی لەناو کەمپەکانی داعش لە سوریاوە دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسان و پارێزەرانی نوێنەرانی هاوڵاتیانی کەنەدی ڕایانگەیاندووە ، بڕیارە کەنەدا ٢٣ هاوڵاتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی کە ئێستا لە کەمپەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگیراون.
وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند کە بڕیاری گەڕاندنەوەی شەش ژنی کەنەدی و ١٣ منداڵی ساوای داوە کە لە کەمپەکانی داعش دا دەژیان، دواتر دادگایەکی فیدراڵی بڕیاریدا کە چوار پیاو کە وەک بەشێک لەو گروپە کە داوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان کردووە، پێویستە ڕەوانەی کەنەدا بکرێنەوە.
لە بڕیارەکەیدا لە ڕۆژی هەینی، دادوەری فیدراڵی هێنری براون ڕێنمایی ئۆتاوای کردووە بە زووترین کات داوای گەڕاندنەوەی ئەو پیاوانە بکات بۆ وڵاتەکەی و پاسپۆرت یان بەڵگەنامەی گەشتی فریاگوزارییان پێبدات.
پارێزەر باربارا جاکمان کە نوێنەرایەتی یەکێک لە پیاوەکان دەکات دەڵێت: "قسەم لەگەڵ دایک و باوکێک کردووە و بەڕاستی زۆر دڵخۆشن، هاوکات پارێزەرانی نوێنەرایەتی هاوڵاتیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئۆتاوا پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئەو گروپە بەپێی جاڕنامەی ماف و ئازادییەکانی کەنەدا.
ئەمەش یەکەم گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیە کەنەدیانە دەبێت بەو ژمارە زۆرە ولەیەک کاتدا بڕیاری لەسەر درابێت، بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەو ٢٣ کەسە کەی دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، یان ڕووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی دەبنەوە بەهۆی بوونی گومان کە ئایا پەیوەندییان لەگەڵ داعشدا هەیە یان نا.
گرووپی داکۆکیکاری مافەکان لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٠دا سەبارەت بە کەنەدییەکانی ناو کەمپەکان هۆشداریی داوە لەوەی کە" بێ تاوانەکان " دادەنرێن، وەک ئەو منداڵانەی کە لەوێ لەدایکبوون یان خۆیان لەژێر دەستی داعشدا ژیانیان هەڵنەبژاردووە، هیچ هیوایەکیان نییە کە ئەگەر جێبهێڵرێن، لەم دۆخەدا ئەگەر هەر دەستگیرکراوێکیش کە ئەگەری تێوەگلانی لە تاوانەکانی داعشدا هەبێت، ڕووبەڕووی دادگا دەبێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی هیومان ڕایتس وۆچ، لە دوای شکستی داعش لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، زیاتر لە ٤٢ هەزار و ٤٠٠ کەسی پێگەیشتوو و منداڵی بیانی کە گوایە پەیوەندییان بەو گروپەوە هەیە، لە کەمپەکانی سوریادا ڕاگیراون کە زۆربەیان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێن.