لە %80ی دانیشتوانی چین توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وو ژۆنیۆ، بەرپرسی نەخۆشییەکانی سەنتەری چاودێری و نەهێشتنی نەخۆشی چین، ڕۆژی شەممە ،ئێوارەی ساڵی نوێی لونەر ڕایگەیاند، کە ئەم شەپۆلەی ئێستای کۆرۆنا نزیکەی 80٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە. بەم شێوەیەش لە هەر 10 کەسێکدا لە چین هەشت کەس تووشی کۆڤید-19 بوون.
ئەم قسانەی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە کە لێشاوی گەشتکردن لەو وڵاتە بەبۆنەی پشوی ساڵی نوێی لونەر دەستیپێکردووە، کەهەندێک جار ناودەبرێت "گەورەترین کۆچی مرۆڤ' لە جیهاندا"،کە ئەمەش مەترسی دووبارە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە دروست دەکات.
هاوکات وو ڕاشیگەیاند بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی توشی ڤایرۆسەکە بوون ئەگەری دوبارە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بەو شێوازەی پێشوی کەمە.
هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی چین،سەبارەت بە گەشتەکان ڕایگەیاند بە پێی خەمڵاندنەکانیان نزیکەی دوو بلیۆن گەشت ئەنجام دەدرێت لە 40 ڕۆژی پشووکەدا،بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە سەرتاسەری چین دەگەڕێنەوە شارو شارۆچکەکانیان بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیاندا بمێننەوە بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی سنوردارکردن لەسەر گەشتە ناوخۆییەکان نەماون بۆ یەکەم جار دوای سێ ساڵ لە سەپاندنیان.
باسی لەوەشکرد کە تەنها لە ئێوارەی سەری ساڵی لونەردا زیاتر لە 26 ملیۆن گەشت ئەنجام دراوە.
هەروەها ڕۆژێک پێش ساڵی نوێ لونەر نزیکەی 4.1ملیۆن کەس بە شەمەندنەفەرو756هەزار کەس بە فڕۆکە گەشتیانکردووە.