ساڵی رابردوو ٩٢٤ هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٩٢٤ هەزار کەس داوای مافی پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و داواکاری مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا بەگوێرەی ساڵی ٢٠٢١، لەسەدا ٤٦.٥ زیادی کردووە.
رۆژنامەی دی وەڵت راپۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە کە پشت بە ئامارەکانی ئۆفیسی هاوکاریکردنی پەنابەران لە ئەوروپا دەبەستێت. راپۆرتەکە باسی ئەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٩٢٤ هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم رێژەیە تۆمار نەکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٧٢ هەزار و ٦٤٦ هاوڵاتی سوریا، ٤١ هەزار و ٤٧١ هاوڵاتی ئەفغانستان، ٢٥ هەزار و ٥٤ هاوڵاتی تورکیا داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و هەرچەندە ژمارەی هاوڵاتیە عێراقیەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هاوڵاتیانی عێراق لە ریزی چوارەمی ئەو وڵاتانەوە دێت کە هاوڵاتیەکانیان داوای مافی پەنابەریان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
راپۆرتەکە باسی لەوە دەکات کە ٢٢٦ هەزار و ٤٦٧ کەس داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا، ١٥٤ هەزار و ٥٩٧ کەس داوای مافی پەنابەرییان لە فەڕەنسا، ١١٦ هەزار و ٩٥٢ کەس داوای مافی پەنابەرییان لە ئیسپانیا و ١٠٨ هەزار و ٤٩٠ کەسیش داوای مافی پەنابەرییان لە نەمسا کردووە و ئەوانەی دیکەش بەسەر وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپادا دابەش دەبن.