ئەڵمانیا ڕێگە بە پۆڵەندا ئەدات کە تانکی لیۆپارد بدات بە ئۆکرانیا
تانکی لیۆپارد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئانالینا باربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەگەر وارشۆ داوابکات کە تانکی لیۆپارد بدات بە ئۆکرانیا، ئەوا ئەڵمانیا ئامادەیە ڕێگە بە پۆڵەندا بدات تانکی لیۆپارد کە لە ئەڵمانیا دروستکراوە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات بۆ ئەوەی یارمەتی کیێڤ بدات لە بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشی ڕووسیا.
باربۆک ڕۆژی یەکشەممە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی فەرەنسا-ئەڵمانیا لە پاریس ڕایەگیاندووە، ئەگەر ئەو پرسیارەمان لێ بکرێت، ئەوا ئێمە لە ڕێگاکەدا ناوەستین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە دەزانین ئەم تانکانە چەندە گرنگن و هەر لەبەر ئەمەشە ئێستا لەگەڵ هاوبەشەکانمان باسی ئەم بابەتە دەکەین، پێویستە دڵنیا بین لەوەی ژیانی خەڵک ڕزگار دەکرێت و خاکی ئۆکرانیا ئازاد دەکرێت"
ئەم گوتارەی ئانالینا باربوک لەکتێکدایە کە پۆڵەندا ڕایگەیاند ئامادەیە ١٤ تانکی لیۆپارد ڕادەستی کیێڤ بکات بەڵام سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ماتیۆس مۆراڤیسکی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند چاوەڕێی "بەیاننامەیەکی ڕوون" دەکات لە بەرلینەوە کە ئایا ئەو وڵاتانەی کە تانکی لیۆپاردیان هەیە دەتوانن بیانگوازنەوە بۆ ئۆکرانیا یاخود نا.
هاوکات، ئۆکرانیا چەندین جار داوای لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کردووە کە یارمەتی سەربازی زیاتر و خێراتر بگەیەننە دەست ئۆکرانیا، میخایلۆ پۆلۆدیاک، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە لە ڕاگەێندراوێکدا وتی، “هەموو ڕۆژێکی دواکەوتن مردنی ئۆکراینییەکانە. خێراتر بیربکەرەوە”.
تا ئێستا هیچ تانکی جەنگی سەرەکی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە دیزاین کراوە، نەگەیشتووەتە ئۆکرانیا بۆ شەڕی بەرگری لە دژی هێزەکانی داگیرکەری ڕووسیا، هەروەها سەرەڕای فشارێکی زۆر لەسەر ئەڵمانیا، تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە ئایا مۆڵەت بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپی دەدات بۆ گواستنەوەی ئەو تانکە دروستکراوانەی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا یان نا.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی، ٥٠ وڵات لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاینی ئەمریکی لە ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە و ڕێککەوتن لەسەر دابینکردنی کاڵای سەربازی بە ملیارەها دۆلار بۆ کیێڤ، لەوانەش زرێپۆش و تەقەمەنی، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ناردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا، کە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە جەنگەکە سەیر دەکرێت.