توتییەکەت دەڵێ چی؟

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

لە ئەدەبیاتی کلاسیکی فەرەنسیدا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش هەیە باس لەوە دەکات کە شەرابفرۆشێک تووتییەکی دەبێت قسەزان و ساختەچی، هۆکارێکی زۆر باشە بۆ ڕیکلام و ساخبوونەوەی شەرابی بابای شەرابفرۆش.

ڕۆژێک هەندێ لە شەلاتی و لاتوپوتی پاریس دەچنە بن کڵێشەی توتی و فێری ئەوەی دەکەن کە بڵێت "شەرابەکەمان تێکچووە". توتی قسەزان پێچەوانەی جارانی دەبێتە نەگبەتی بۆ خاوەنەکەی، ئەمجارە لەبری پەیداکردنی موشتەری خەڵک دەتۆرێنێ.

کابرای شەرابفرۆش لە توڕەیی خۆی پڕ دەداتە توتی بەستەزمان و هەڵیدەداتە نێو بەرمیلێک ئاوەوە تا جوان دەخویسێت. دواتر دڵی نەرم دەبێت و لەبەردەم وەجاخی دوکانەکەیدا دایدەنێت تا وشک ببێتەوە، تووتی لەپاش ئەم تەڕبوونە تێدەگات ئەو کەتنەی کەبەسەری هاتووە زمانی بەسەری هێناوە، بۆیە تۆبە دەکات لەوەی جارێکی دیکە بڵێت "شەرابەکەمان تێکچووە"، چونکە دڵنیایە ئەم ڕستەیە واتە خویسان و تەڕبوون. سەگی پاسەوانی دوکانی کابرای شەرابفرۆش لەو شەستەبارانەی کە لەدەرەوە دەبارێت دەخویسێت، شەرابفرۆش دڵی بۆئەمیش دەسوتێت و دەیهێنێتە بەردەم ئاگردانەکە تا پشویەک بدات و ئەمیش خۆی وشککاتەوە.

توتی کە سەگە خویساوەکە دەبینێت پرسیارێکی زۆر گرنگی لێدەکات دەڵێت "برادەر تۆش وەک من وتت شەرابەکەمان تێکچووە بۆیە خویسایت؟ حاڵی ئەم توتییە دەقیق حاڵی ئەوانەیە کە پێیان وایە دەبێت تەنها لە ڕوانگەی پەنجەرە تەسکەکانی خۆیانەوە لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان بکەن! مرۆڤی تەسک بین و دۆگما مرۆڤێکە پێی وایە هەموو تەڕبوون و خویسانێک سزادانە و هۆکارەکەی ئەوەیە کە وتووتە "شەرابەکەمان تێکچووە"! ئەو دۆخەی ئەم تووتییە بەستەزمانەی تێکەوتووە دۆخێکی لێوانلێوە لە موغاڵەتە، موغاڵەتەیەک کە تەنها یەک جۆر تەفسیر بۆ ڕوودانی دەیان جۆری جیاواز لە هۆکار دەهۆنێتەوە، چونکە هەموو دونیا لە گەڕەکەکەی خۆیان و لە دوکان و خاوەنەکەی خۆیەوە دەبینێت

. ئەلفرێد وایت نۆرث هێد فەیلەسووف و ماتماتیکزانی هاوتەمەنی بێرتراند ڕەسل لە ڕەخنەی موغاڵەتەی زانستی ئەزموونیدا دەڵێت: دەشێت بتوانین ڕاستیی دیاردەیەک بهێنین لە شوێنی دیاردەیەکی نوێ دایبنێین بەڵام ئەم موغاڵەتەیە بەجۆرێک کاردەکات هەموو ڕەهەندەکانی دیکەی تێگەیشتن لەم دیاردە نوێیە دەکوژێت. ئەو لە ڕەخنەی زانستی مودێرن و تەسلیم بوونی فیزیا بە ماتماتیک دەڵێت" ڕاستە پێناسەی ماددە لە زانستی نوێدا بە ئەنەرژیی کراوە ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام موغالەتەیە کاتێک زانستی نوێ دێت و دەڵێت ماددە شتێک لە ئەنەرژیی زیاتر نییە، ئەمە وادەکات ئێمە ڕۆحی داهێنەرانەی نێو فیزیا بەدەستی خۆمان تیرۆر بکەین."

ئەم ڕەهاییە لە پێناسە بۆ ماددە دەبێتە بکوژی هەموو ڕەهەند پێودانگەکانی دیکەی. کەمنین ئەو تووتیانەی ئەمڕۆ هۆکاری هەموو ئەنجامێک بە تەنها شتێکی دیاریکراوەوە دەبەستنەوە، جا ئەو هۆکارە کار بکات یان نا، حەقیقەت بێت یان دژەحەقیقەت ئەمان ملنادەن و لە چەقبەستوویی خۆیاندا بەکوێری مەلەدەکەن "فی خوضهم یعمهون" لەمەسنەویدا حیکایەتێک لەمبارەیەوە هەیە و دەڵێت: دوو درەخت هەن هەردووکیان لق و پەلە بڵندەکانیان دەلەرێتەوە، یەکێکیان بای سەبا عاشقانە شانەی پەل و لقەکانی دەکات و دەیجوڵێنێتەوە ئەوی دیکە زەبری تەوری تەوربەدەستێک دەیلەرێنێتەوە و دەیلەرزێنێت. لەڕاستیدا هەردوو جوڵەکە بە نیسبەت دارەکە وەک میکانیک یەک شتن، بەڵام هۆکارو سەبەبی جوڵە و ئەنجامگیریی لە هەریەکێکیاندا ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە، لە موغاڵەتەیەکی تەمام عەیارداین گەر بڵێین ئەم دوجوڵەیە هەردووک وەک یەکن.

تووتییەکان ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاوازدا دونیاکەی ئێمەیان کردووە بە کونەمشک، توتی واعیز لە دیندا و لە نێو دینیشدا لەحەرام و حەڵاڵدا بۆ هۆکاری هەموو ئەنجامێک دەگەڕێت ئەگەر باسەکە هەزاران فەرسەخ لەدینیش دوور بێت.

هەندێ تووتی پۆزەتیڤیست هەن لەزەمەنەکەی خۆیان دواکەوتوون و تەنها پێور بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان لایان پێوەری زانستی ئەزموونییە، هەندێ تووتی دیکە چەپبوون و هەندێکی دیکە لە ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانی وەک کوردایەتی، مارکسیزم ..هتد خەریکی کەروێشکە مەلەن. ئێمە دەتوانین بڵێین پەرەسەندن هۆکارێکی گەشەسەندنی ئێمەیە بۆ ئەم بونەی ئەمڕۆمان لە ڕووی بایەلۆژییەوە، بەڵام موغاڵەتەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە بڵێین تاکە پێوەری تێگەیشتن لە مرۆڤ پەرەسەندنە.

گەر من قەبوڵم بێ تەنهاو تەنها بوونێکی بایەلۆژیم هەبێ ئەم قسەیە تا ئەندازەیەک ڕێی تێدەچێت، بەڵام دونیایەک فەزیلەت و پێودانگی نابایەلۆژی لەمندا هەن چی لەوانە بکەم؟ پەرەسەندن پێی وایە مانەوەی بایەلۆژی بۆ بەهێزەکانە، بە قسەیەکی دیکە حەق لەهێزدا دەبینێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک حەق و فەزیلەت هەن کە لەمندا ڕوێنراون هێز لە حەقدا دەبیننەوە ئەگەر چی حەقەکە لەدژی خۆشم بێت.

موغاڵەتەکە لەوێوە دەستپێدەکات من چاوم لەئاست دیوە نابایەلۆژییەکەی خۆم بقوچێنم و بڵێم تەنها و تەنها پەرەسەندن دەتوانێت لەمن و دۆخی من تێبگات، بۆچی؟ چونکە من تەنها تەفسیرێکی زانستی ئەزموونی و بایەلۆژیم پێ ڕاستە بۆ تێگەیشتن لە ژیان. ئەمە ئەو شوێنەیە کە پەرەسەندن لە بیردۆزێکی زانستییەوە دەکاتە ئایدۆلۆژیایەکی دۆگمای لەبری زاست دەیگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەتی لابۆر و تاقیگەکان. نمونەیەکی دیکە! لەکوردستاندا ئەمڕۆ ژیان یەکپارچە بووە بە سیاسەت و سیاسەتیش لە موغالەتەیەکی موغالەتەچییەکان زیاتر نییە. بۆنمونە ڕاستە پەکەکە هەیە و تورکیا ڕقی لێیەتی، بەڵام هۆکاری بۆردوومانی بەردەوامی تورکیا بوونی پەکەکە نییە بە تەنها. هەمان ئەوقسەیەی کەفاشیستە تورکەکان دەیکەن زۆرجار سیاسییە کوردەکانیش دەیکەنەوە:٫"پەکەکە ئامانجەکەیە نەک کوردستان".

تورکیا بۆردووماندەکات چونکە پەکەکە هەیە، سەرماندەبڕێت چونە پەکەکە هەیە، لەسەیرانگاو و ماڵات دەدا بە بیانووی پەکەکە، پرسیارەکە ئەوەیە باشە گەر پەکەکە نەبێ تورکیا نەوازشی هەرێم دەکا؟ خۆ لە لیبیا و سوریا و ئازەربایجان پەکەکە نییە، لە قەتڵوعامی دێرسیم، لە لەداردانی سەعیدی پیران، لە نەفی کردنی نوورسیی، لە ڕاگواستنی هەشت هەزار حەمباڵی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار