تورکیا کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ سوید و فینلاند بۆ ئەندامێتی ناتۆ دواخست
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی تورکیا، تورکیا خولی نوێی دانوستانەکانی لەگەڵ سوید و فینلاند سەبارەت بە داوای ئەندامێتی وڵاتانی سوید و فیلاند لە ناتۆ بۆ ماوەیەکی نادیار دواخستووە.
میدیاکانی وڵاتی تورکیا ئەمڕۆ ڕایانگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیاربوو لە برۆکسل بەڕێوەبچێت، لەسەر داوای ئەنقەرە دواخرا،لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ بەشداری ئەو دانوستانانە بکات کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
بڕیارەکەی تورکیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداری دایە سوید کە پشتگیری لە هەوڵەکانی ناکات بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانی بەرگریی ڕۆژئاوایی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دوای ئەوەی کە قورئان لەلایەن سەرکردەیەکی ڕاستڕەوی توندڕەوی سوید لە کۆتایی هەفتەدا لەبەردەم باڵوێزخانەکەی سوتێندرا.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشنیارەکانی پەیوەست بوون بە ناتۆ دەبێت لەلایەن هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە پەسەند بکرێت کە تورکیا ئەندامی هاوپەیمانییە، هاوکات لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوان سوید و تورکیا ئاڵۆز بووە و و ئەنقەرە بەهۆی سووتاندنی قورئان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەکەی لە ستۆکهۆڵم هەڵوێستەکانی توندکردۆتەوە لەبەرامبەر سوید.