هزری پشتەوەی داهۆڵی ئەردۆغان و ئەردۆغانی کوردخۆر
داهۆڵی هەڵواسراوی ئەردۆغان
2 ساڵ لەمەوپێش
سیاوەش گۆدەرزی
داهۆڵی سەرەوخوار هەڵواسراوی ئەردۆغان لە ڕووداوی هەڵواسینی فاشیست و دیکتاتۆری ئیتالیا موسیلینی وەرگیراوە کە لە ساڵی ١٩٤٥ لە شاری میلانۆی ئیتالیا لە لایەن خەڵکەوە هەڵواسرا.
پێکچارانی ئەردۆغان و موسیلینی بەڕێکەوت نییە و ئەم دوو کەسە لە زۆر بواردا وەک یەک دەچن یان کوت و مت وەک یەک وان. ئەردۆغان و موسیلینی ئەگەرچی لە دوو قۆناغی جیاوازی مێژوویدا ژیاون بەڵام هەر دوو دیکتاتۆر و هاوکات هەر دوو فاشیستی سەردەمی خۆیانن.
موسیلینی لە قەیرانی ساڵەکانی ٤٠دا خەڵکی ئیتالیا بە درووشمی ناسیۆنالیستی و فاشیستی فریو دەدا، هاوپەیمانەتی لەگەڵ هیتلەر دەکا و وڵاتی ئیتلالیا تووشی کارەساتی شکان و دۆڕاندن لە دووەم شەڕی جیهانی دەکا. کە خەڵک بە هۆشی خۆیان دێنەوە کار لە کار ترازاوە، ئیتالیا وێران بووەو قات و قڕی وڵاتی داگرتووە. هەر بۆیە هەمان خەڵکی فریوخواردوو لێی ڕادەپەڕن و لە مەیدانێک لە شاری میلانۆ سەروخوار هەڵیدەواسن و دەیکۆژن.
ئەردۆغانیش بەهەمان ڕێچکەی موسیلینیدا بە ناوی ئیسلامەتی و تورکایەتی سواری سەری تورکەکان بووەو حکوومەتێکی دیکتاتۆر و فاشیستی لە چەشنی موسیلینی و بگرە خەراپتر لە موسیلینی لە سەردەمی ئێستادا دامەرزاندووە بەڵام ئەوەی کە لە ئێستادا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەردۆغانیش تووشی هەمان چارەنووسی موسیلینی دەبێ.
ئەمە پەیامی ڕوون و مانای سیمبۆلیکی هەڵواسینی ئەردۆغان لە بەردەم گەورە شارەوانی ستۆکۆڵم لە ڕۆژی ١١ی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢٣ بوو.
کاریکاتۆری «ئەردۆغانی کوردخۆر»
لە مانگی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢٣ لە سوید؛ لە لایەن ڕۆژنامەی چەپگری فلامان کێبەرکێیەک بۆ باشترین کاریکاتۆری لە دژایەتی ئەردۆغاندا، بۆ پشتگیری لە کورد و ئازادی ڕادەربڕین بەڕێوەچوو. وەک لە بانگەشەی ڕۆژنامەی فلاماندا هاتبوو باشترین کاریکاتۆر تەنانەت خەڵاتێکی ٥٠٠٠ کرۆنی وەردەگرت.
لە ڕۆژی ٢٠ ژانڤییەدا ساتیرە وێنەی هێنڕی ئۆستروم
Henry Åström وەک براوەی کێبرکێی کاریکتاتۆری ئەردۆغان، ڕاگەیاندرا.
مانای سیمبۆلیکی کاریکاتۆری هێنڕی ئۆستروم چییە و پاشخانەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
بیرۆکەی کاریکاتۆرەکە لە بەرهەمێکی بە ناوبانگی هونەرمەندی ناسراوی سپانیا فرانیسیسکۆ دو گۆیا Francisco de Goya بە ناوی «ساتورنوس کوڕەکەی خۆی دەخوا» Saturno devorando a su hijo لە ساڵی ١٨٢٠ وەرگیراوە. کورونۆس یان ساتورنۆ یان خودایەکی نێو میتۆلۆژی ڕۆمییە کە منداڵەکانی ڕیا، هێستیا، دێمێتێر، هێرا، هادێس و … یەک لەدوای یەک دەخوا.
لێرەدا ئەردۆغان هەروەک ساتورنۆی میتۆلۆژی تینووی خوێنە و لە سەر کوشتن و خوێنخۆری دەژی. نموونەی هەرە بەرچاوی خوێنڕێژی ئەردۆغانیش لە کوردستان ڕوو دەدا. کاریکاتۆری هێنڕی ئۆستروم بەتایبەت ئاماژەیە بە کوشتار و خوێنڕێژی ئەردۆغان لە ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی عەففرین و سەرێکانی.